Accessibility links

ئەمەریکا ستایشی سعودیـیە دەکات بۆ بەخشینی 100 ملیۆن دۆلار بۆ ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا


ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەسـتخۆشی لە عەرەبستانی سعودیـیە کرد کە 100 ملیۆن دۆلاری بەخشیوە بۆ ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەوانەی بە پشتیوانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە داعش ڕزگارکران.

هێذەر ناوەرت گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دوێنێ پـێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا ستایشی عەرەبستانی سعودیـیەی کرد بۆ ئەم هاوکاریـیە. دەڵێت ڕۆڵی زۆری دەبێت لە سەقامگیری ئەو ناوچانە.

هەروەها نووسیویەتی هاوکاریـیەکە لە کاتێکی گرنگدا هاتووە کە نزیکەی 150 هەزار ئاوارەی خەڵکی ڕەققە گەڕاونەتەوە شارەکەیان و بە پـشتیوانی هاوپەیمانان، هاوبەشەکان لە ناوچەکە هەڵدەستن بە گەڕاندنەوەی خزمەتگوزاریـیە سەرەکیان بۆ دانیشتوانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

خانم هێذەر ناوەرت جەخت لەوە دەکاتەوە بەدیهێنانی سەقامگیری و بوژاندنەوەی زووی ئەو ناوچانە مسۆگەری دەکات کە چیتر داعش بۆ ئەو بەشەی سوریا ناگەڕێتەوە.

لە لایەکی دیکە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فەرمی عەرەبستاتی سعودیـیە ڕایگەیاند ئامانج لە بەخشینی ئەم بڕە پارەیە، بوژاندنەوەی ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریایە، لەوانە شاری ڕەققە.

دەشڵێت ئەو 100 ملیۆن دۆلارە بۆ کەرتی تەندروستی و کشتوکاڵ و کارەبا و ئاو و خوێندن و چاککردنی ڕێگە و بانەکان تەرخان دەکرێت.

XS
SM
MD
LG