Accessibility links

ئەمەریکا قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەکی هێرشبەر بە سعودیە هەڵدەوەشێنێتەوە


ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز بڵاویکردەوە پێشبینی دەکرێت ئەمەریکا قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەکی هێرشبەر بە سعودیە هەڵبگرێت و ئەگەری هەیە ئەمە لە هەفتەکانی داهاتوودا ڕووبدات.

ڕۆژنامەکە لە زاری کەسێکی نزیک لە بابەتەکەوە بڵاویکردەوە واشنتن پێشتریش ئاماژەیەکی بە سعودیە داوە لەسەر ئەوەی کە ئامادەیە قەدەغەکردنەکە لاببات.

بایدن بە ماوەیەکی کورت دوای ئەوەی لە ساڵی 2021 دا بووە سەرۆکی ئەمەریکا، هەڵوێستێکی توندتری پەیڕەو کرد لەسەر هەڵمەتە سەربازییەکەی هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتی سعودیە دژی حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت، ئەو هەڵمەتە سەربازییە بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی سڤیل، هەروەها بەهۆی تۆمارەکانی مافی مرۆڤی سعودیەشەوە، بە تایبەتی لە کوژرانی ڕۆژنامەنووسی واشنتن پۆست جەمال خاشقچیدا لە ساڵی 2018 دا کە دژی حکومەتەکەی سعودیە دەینووسی.

یەکێک لە ڕێوشوێنە توندەکانی ئیدارەی جۆو بایدن بریتی بوو لە سنووردارکردنی فرۆشتنی هەندێک چەک بە سعودیە.

سعودیە کە گەورەترین کڕیاری چەکی ئەمەریکاییە، بەو سنووردارکردنانە بێزار بوو، کە فرۆشتنی ئەو جۆرە چەکانەی بە سعودیە ڕاگرت کە پێشتر بەڕێوبەرایەتییەکانی پێشووی ئەمەریکا دەیان ساڵ بە سعودیەیان فرۆشتبوو.

ڕۆژی چوارشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی ئەمەریکا و سعودیە زۆر نزیکن لە گەیشتن بە چەند ڕێککەوتنێک لەسەر وزەی ئەتۆمی و ئاسایش و هاریکاریی بەرگریی و پەیوەندییەکی دوو قۆڵییەکانیان.

هەموو ئەم حاڵەتانە بەشێکن لە ڕێککەوتنێکی فراوانتری دوولایەنە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ڕیاز و ئیسرائیل.

ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز نوویسوێتی ، هەڵگرتنی قەدەغەکردنی هەناردەکردنی چەکی هێرشبەر هیچ پەیوەندییەکی بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعودیەوە نییە.


سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG