Accessibility links

پێنتاگۆن: وەزیری بەرگری ئەمەریکا لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە تاوتوێی ئاسایشی ناوچەکە و جەنگی یەمەن دەکەن


وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا پێنتاگۆن وتی وەزیری بەرگری وڵاتەکە لوەید ئۆستن لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلماندا قسەی کردووە و جەختی لە پابەندبوونی ئەمەریکا کردۆتەوە بە یارمەتیدانی سعودیە لە بەرگریکردن لە خاک و گەلەکەیدا.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا جۆن کێربی لە بەیاننامەیەکدا وتی ئۆستن و شازادە محەمەد باسیان لە ئاسایشی ناوچەکە و ئەو هەوڵانە کردووە کە بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی یەمەن دەدرێن، هەروەها باس لە " هەوڵەکانی دوو وڵاتەکە کراوە بۆ باشکردنی توانا بەرگرییەکانی سعودیە."

حوسییەکانی یەمەن کە هاوپەیمانی ئێرانن و زۆربەی خاکەکانی باکووری یەمەنیان بەدەستەوەیە، لە ساڵی 2014 ەوە بە بەردەوامی لەڕێی سنوورەکانەوە هێرش دەکەنە سەر سعودیە و هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەی مەئرەبی یەمەن دەدەن کە دەوڵەمەندە بە گاز.

لە ساڵی 2015 دا هاوپەیمانێتی سەربازی بە ڕابەرایەتی سعودیە هاتە جەنگی یەمەنەوە و پشتیوانی لە حکومەتی وڵاتەکە کرد و تاوەکو ئێستا دژی حوسییەکان دەجەنگن.

کێربی وتی " ئۆستن ئاماژەی بەو سەرکەوتنانە داوە کە سعودیە لەمدواییانەدا لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی حوسییەکاندا بۆ سەر سعودیە بەدەستیهێناوە." هەروەها سوپاسی شازادەی جێنشینی کرد لەسەر هاریکارییەکانی لەگەڵ نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ یەمەن تیم لیندەرکینگدا بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی یەمەن.

تاوەکو ئێستا زیاتر لە 100 هەزار کەس لە جەنگی یەمەندا کوژراون و زۆرینەیان مەدەنین و بە ملیۆنان هاوڵاتیش لە یەمەن بۆ مانەوەیان لەژیان پشتیان بە یارمەتیە مرۆییەکان بەستووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG