وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی " سەدان " لە سزاکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران دەمێننەوە تەنانەت ئەگەر هاتوو ئەمەریکا دووبارە بچێتەوە سەر ڕێکەوتنە ناوەکییەکەش.
لەم مانگانەی دواییدا بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێراندا گفتوگۆی کردووە سەبارەت بە دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان.
سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر ئێراندا، لە بەرامبەریشدا ئێران بەرپرسیارێتیەکانی لە ڕێکەوتنەکەدا کەمکردەوە.
بلینکن لە بەردەم ئەنجومەنی سیناتدا وتی " تەنانەت ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ڕێکەوتنە ناوەکییەکە، سەدان لە سزاکانی ئەمەریکا لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە، بەو سزایانەشەوە کە بەڕێوبەرایەتیەکەی ترامپ سەپاندوویەتی."
وتیشی " ئەگەر نەگونجێن لەگەڵ ڕێکەوتنەکەدا ئەوا سزاکان لە شوێنی خۆیاندا دەمێننەوە تاوەکو ڕەفتارەکانی ئێران دەگۆڕێت."
سەرچاوە/ فرانس پرێس