Accessibility links

ئەمەریکا سزاکانی سەر کەرتی نەوتی ئێران توندتر دەکاتەوە


بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ سزای نوێی سەپاند بەسەر کەرتی نەوتی ئێراندا، بەو فرۆشیانەشەوە کە ڕەوانەی سوریا و ڤەنزوێلا کراون.

لە ساڵی 2018 ەوە بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆک ترامپ سزای توندی بەسەر کەرتی نەوتی ئێراندا سەپاندووە و بەوەش کۆتای هێنا بە سەرجەم هەناردەی نەوتی ئێران و سزادانی هەر وڵاتێک کە نەوت لە ئێران بکرێت.

بەپێی ڕێوشوێنە نوێیەکان، ئەمەریکا ڕایگەیاند کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی ئێران و وەزارەتی نەوتی ئێران و کۆمپانیا نیشتیمانیەکانی ئێران بۆ گواستنەوە دەخاتە ژێر دەسەڵاتی دژە تیرۆرەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە هەر بەڕێوبەرایەتیەکی دیکەی ئەمەریکا لە داهاتوودا دەبێت ڕێوشوێنی یاسایی بگرێتەبەر تاوەکو ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنێتەوە.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕاشیگەیاند سزای بەسەر سێ لایەنەکەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێراندا سەپاندووە کە ئەمەریکا لە ماوەی ڕابردوودا بە " ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناودێریکرد."

وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ستیڤن منوچن لە بەیاننامەیەکدا وتی " ڕژێمی ئێران وەکو ئەرکێکی سەرەکی بەردەوامە لە پشتیوانیکردن لە لایەنە تیرۆریستیەکان و بەرنامە ناوەکییەکەی، ئەوەش لەسەر حسابی گەلی ئێران."

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ئەوەشی خستەڕوو تۆڕێکی سەر بە فەیلەقی قودس لە بەهاری ساڵی 2019 دا زیاتر لە 12 بارهەڵگری نەوتی ڕەوانەی دەرەوە کردووە کە زۆرینەیان بۆ سوریا بوون.

سەرەڕای سزاکانی سەر لایەنەکانی سەر بە فەیلەقی قودس و دانانیان لەژێر بەندی " تیرۆر " دا، وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزای سەپاند بەسەر مەحمود مودینپوردا کە خاوەن کارێکی ئێرانیە و لە بەڕیتانیا دەژی و هەروەها ئەو کۆمپانیایانەشی کە پەیوەندییان پێوەی هەیە، ئەوەش بەهۆی مامەڵەکردنی لەگەڵ ڤەنزوێلادا. وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا بە تۆمەتی ناردنی دەیان هەزاران تەن لە بەنزین بۆ ڤەنزوێلا تۆمەتباریکردووە، لەکاتێکدا سەرۆک ترامپ دەیەوێت سەرۆکی ڤەنزوێلا نیکۆلاس مادورو لە دەسەڵات دووربخاتەوە.

بە هەمان شێوە ئەمەریکا سزای سەپاند بەسەر حکومەتەکەی مادورودا کە لە ماوەی ڕابردوودا توانی سوتەمەنی لە ئێران بکڕێت لەکاتێکدا وڵاتەکە ڕووبەڕووی قەیرانی کەمی کارەبا و سوتەمەنی بۆتەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG