Accessibility links

ئەمەریکا سزا بەسەر کۆمەڵێک لە بەرپرسانی ئێران و سوریا و ئۆگەندا دەسەپێنێت


ئەمەریکا سزای سەپاند بەسەر کۆمەڵێک کەس و لایەندا لە ئێران و سوریا و ئۆگەندا، هەروەها تۆمەتباریکردن بە تۆمەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئەنجامدانی سەرکوتکاری.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی سەرکوتکاری و هەڕەشەکانی سەر دیموکراسییان کردۆتە ئامانج، سزا بەسەر کۆمەڵێک کەس و لایەندا دەسەپێندرێن کە پەیوەندییان بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانەوە هەیە لە ئێران و ئەوانەشی بەرپرس بوون لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژی هاوڵاتیانی مەدەنی لە سوریا.

بەڕێوبەری کاروباری سەرمایەی بیانی لە ئۆفیسی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ئاندریا گاکی وتی " وەزارەتی خەزێنە بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن دژی حوکمی زۆرداری، هەروەها وەڵامدانەوەی سەرکوتکردنی ئەو خەڵکانەی کە دەیانەوێت ماف و ئازادییە بنچینەییەکانیان هەبێت."

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە ئەمەریکا دوو ئەفسەری باڵای هێزی ئاسمانی سوریای خستۆتە لیستی ڕەشەوە، بە تۆمەتی ئەوەی بەرپرس بوون لە هێرشە کیمیاییەکانی سەر هاوڵاتیانی مەدەنی لە سوریا تۆمەتبارکراون، هەروەها سێ ئەفسەری ئاسایش و هەواڵگری سوریاش بە هەمان شێوە خراونەتە لیستی ڕەشەوە.

لە ئێرانیش ئەمەریکا سزای سەپاند بەسەر یەکەکانی هێزە تایبەتیەکانی پۆلیس و یەکەی هێزە تایبەتیەکانی دژە تیرۆری ئێران و هەندێک لە بەرپرسانی باڵای دیکەی ئەو وڵاتە، هەروەها سزاشی سەپاندووە بەسەر غوڵامڕەزا سولەیمانی فەرماندەی گروپی چەکداری ئێرانی باسیج. دوو بەندینخانە و بەڕێوبەری بەندینخانەیەکیش خراونەتە لیستی ڕەشەوە، ئەوەش بەهۆی ئەو ڕووداوانە کە گوایە تیایاندا ڕوویداوە.

هاوکات ئەمەریکا سزاشی سەپاند بەسەر بەڕێوبەری هەواڵگری سەربازیی ئۆگەندا جەنەڕاڵ ئابیل کاندیهۆدا، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە گوایە لە ماوەی فەرمانڕەوایی ئەودا مافەکانی مرۆڤ پێشێلکراون.

ئەوانەی خراونەتە لیستی ڕەشەوە، سەرجەم سەرمایەکانیان لە ئەمەریکا سڕدەکرێت و بە گشتی ڕێگە نادرێت هیچ ئەمەریکیەک مامەڵەیان لەگەڵدا بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG