Accessibility links

ئەمەریکا دەڵێت سزا بەسەر تۆڕێکی قاچاخی نەوتی ئێرانیدا دەسەپێنێت کە ڕووسیا پشتیوانی لێدەکات


ڕۆژی چوارشەممە ئەمەریکا سزای بەسەر " تۆڕێکی قاچاخی نەوتی ئێرانیدا سەپاند کە لەلایەن ڕووسیاوە پشتیوانی لێدەکرێت "، هەروەها بەرپرسە لە پارە سپیکردنەوەدا و کار بۆ هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێراندا دەکات.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا وتی تۆڕەکە لەلایەن کەسایەتیەکانی پێشوو و ئێستای هێزی قودسەوە ڕابەرایەتی دەکرێت و " لەلایەن بەرپرسانی باڵای حکومەتی فیدراسیۆنی ڕووسیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت " و چەند کۆمپانیایەکی چینی و دیبلۆماتکارێکی پێشووی ئەفغانستان لەخۆدەگرێت. تۆڕەکە سەدان ملیۆن دۆلاری بۆ هێزەکانی قودس و حیزبوڵای لوبنانی هاوپەیمانی تاران پەیداکردووە، هەروەها یارمەتی ئێرانیداوە پشتیوانی لە گروپە چەکدارییە بریکارەکانی بکات.

هێزی قودس لقێکی سەربازیی سوپای پاسدارانی ئێرانە و سەرپەرشتی گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران دەکات لە دەرەوە. بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ساڵی 2019 دا سوپای پاسدارانی ئێرانی خستە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکانەوە، ئەوەش یەکەمین جار بوو ئەمەریکا سوپای وڵاتێکی دیکە وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنێت.

بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە گفتوگۆیەکی ناڕاستەوخۆدایە لەگەڵ ئێراندا بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان، کە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ساڵی 2018 دا کشایەوە لێی. ڕێکەوتنەکە بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران سنووردار دەکات و لەبەرامبەریشدا سزا ئابوورییە نێودەوڵەتییەکانی سەر تاران لادەبات.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە بەیاننامەیەکی جیادا وتی " لەکاتێکدا ئەمەریکا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە و پابەندبوونی هاوبەش بە جێبەجێکردنی سەرجەم بەندەکانی ڕێکەوتنەکەوە، بە توندی سزا بەسەر بازرگانییە نایاساییەکانی نەوتی ئێراندا دەسەپێنین."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس وتی " ئەو ئاماژەیەی ئێمە دەینێرین ئەوەیە کە چالاکییە نایاساییەکانی هێزی قودس و گروپە چەکدارییەکانی دیکەی ئێران و ئەو گروپە تیرۆریستیانەی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێن قبوڵ ناکەین."

سزاکانی ئەمەریکا کۆمپانیای ئاڕ پی پی ئێڵ ئێڵ سی لە ڕووسیا و کۆمپانیای زەمەنئۆیڵ دی ئێم سی سی لە ئیماڕات دەگرێتەوە. خەزێنەی ئەمەریکا دەڵێت ئاڕ پی پی ئێڵ ئێڵ سی لەجیاتی هێزی قودس ملیۆنان دۆلاری گواستۆتەوە، زەمەنئۆیڵ دی ئێم سی سیش کە لە ئیماڕاتە لەگەڵ حکومەتی ڕووسیا و کۆمپانیای ڕۆزنەفتی ڕووسیدا کاریکردووە بۆ ڕەوانەکردنی نەوتی ئێران بۆ کۆمپانیاکان لە ئەوروپا.

بەرپرسی کاروباری پێشووی ئەفغانستانیش لە مۆسکۆ کراوەتە ئامانجی سزاکانی ئەمەریکا، کە وەکو هاوبەشی سوپای پاسدارانی ئێران ناوبراوە.

کۆمپانیا چینیەکانیش بریتین لە کۆمپانیای سنوورداری وزەی هاوکون لە پەکین و لقەکەی لە هۆنگ کۆنگ. ئەمەریکا کۆمپانیا چینییەکەی تۆمەتبار کردووە بەوەی ملیۆنان بەرمیل نەوتی ئێرانی لە هێزی قودس کڕیوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG