ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست بڵاویکردەوە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ دەڵێت لە ڕێی پەیوەندییەکانی تەلەفونییەوە لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا قسەی کردووە سەبارەت بە کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا.
هەفتەی ڕابردوو سەرۆک ترامپ وتی تیمەکەی " گفتوگۆیەکی زۆر باشییان کردووە."
سەرۆک ترامپ ڕۆژی هەینی لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ نیویۆرک پۆست وتی " باشترە نەیڵێت " کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی چەند جار لەگەڵ پوتندا قسەی کردووە.
سەرۆک ترامپ بە نیویۆرک پۆستی وت " ئەو ' پوتن ' نایەوێت چیتر خەڵکەکە بمرن."
وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ بە دەزگای هەواڵی تاسی وت " گفتوگۆی زۆری جیاواز دەستییان پێکردووە."
پێسکۆڤ کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە ڕاپۆرتەکەی نیویۆرک پۆست وتی " ئەم گفتوگۆیانە لە ڕێی کەناڵی جیاوازەوە ئەنجام دەدرێن. من ڕەنگە بە تایبەتی شتێک نەزانم، ئاگاداری شتێک نەبم. لەبەرئەوە لەم حاڵەتەدا ناتوانم نە پشتڕاستی بکەمەوە و نە ڕەتیشی بکەمەوە."
سەرۆک ترامپ چەندین جار وتوویەتی کە دەیەوێت کۆتایی بە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا بهێنێت و لەگەڵ پوتندا کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو بابەتە. بەڵام کات و شوێنی ئەو کۆبوونەوەیە تاوەکو ئێستا ئاشکرا نەکراوە.
لە 14 ی مانگی شەشدا پوتن مەرجەکانی خۆی بۆ وەستاندنی دەستبەجێی جەنگەکە ڕاگەیاند: ئۆکرانیا دەبێت دەستبەرداری هەوڵەکانی بێت بۆ ئەندامێتی لە ناتۆ و هێزەکانی لە سەرانسەری چوار هەرێمی داگیرکراویی ئۆکرانیاییدا بکشێنێتەوە، ئەو هەرێمانە لە ماوەی جەنگەکەدا لەلایەن ڕووسیاوە کۆنتڕۆڵ کراون.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز