Accessibility links

سەرۆک ترامپ: لە ئەمڕۆوە پەیوەندیـیەکانی نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا گۆڕانکاری بەسەرهات


سەرۆک ترامپ گەشبینی خۆی بە پەیوەندیـیەکانی ئایندەی نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا دەربڕی و دەڵێت پـێشتر هەرگیز وەها خراپ نەبوو، بەڵام لە ئەمڕۆ لە پاش کۆبوونەوەی هێلسنگی گۆڕانکاری بەسەرهات.

ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا، سەرۆک ترامپ گوتی دیپـلۆماسیەت و وتووێژکردن باشترە لە ناکۆکی و دژایەتیکردن. گوتیشی ئامادە نیـیە وەکو سەرۆکی ئەمەریکا بڕیارێکی سیاسی بدات تەنیا بۆ قایلکردنی ژمارەیەک لە ئەندامانی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات.

پاشان سەرۆک ترامپ جارێکی دیکە ڕەتیکردەوە ڕووسیا بە مەبەستی پشتیوانیکردن لێی دەسـتێوەردانی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2016 ی ئەمەریکا هەبووبێت. گوتی بوونی بە سەرۆک لە ئەنجامی هەڵمەتی سەرکەوتووی هەڵبژاردنەکانی بووە.

سەرۆکی ڕووسیاش لای خۆیەوە ڕەتیکردەوە ئەوان وەکو حکومەتی ڕووسیا دەسـتێوەردانیان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکادا هەبووبێت.

سەبارەت بە سوریا، سەرۆک ترامپ گوتی وتووێژێکی دورودرێژیان لە بارەی سوریاوە ئەنجامداوە. جەختی لەوە کرد کە بۆ سەرۆکی ڕووسیای ڕوونکردووەتەوە ئەمەریکا بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات ئێران سوودمەندبێت لە هەڵمەتی شەڕی داعش. گوتیشی لەگەڵ پوتن ڕێکەوتووە لەسەر بەردەوامبوونی کۆبوونەوەی ئەندامانی ئەنجومەنی نیشتمانی هەردوو وڵات لە بارەی سوریاوە.

سەرۆک ترامپ باسی لەوەش کرد ئەمەریکا و ڕووسیا یارمەتی دەدەن لە پاراستنی ئاسایشی دەوڵەتی ئیسرائیل.

XS
SM
MD
LG