ڕاوێژکارێکی کرملین دەڵێت سەرۆکی وڵاتەکەیان و سەرۆکی ئەمەریکا لە پەراوێزی کۆنگرەیەک لە ڤێتنام کۆدەبنەوە بۆ تاووتوێکردنی چەند بابەتێک.
یوری ئۆشاکۆڤ ئەمڕۆ پـێنجشەممە ئەمەی بۆ ئاژانسی دەنگوباسی ڕووسیا ڕاگەیاند و گوتی سەرۆک پـوتن و سەرۆک ترامپ ڕۆژی هەینی لە پەراوێزی کۆنگرەی یانەی هاوکاری ئابوری ئاسیا پاسفیک کۆدەبنەوە.
گوتیشی زۆر بابەت پـێویستیان بە تاووتوێکردن هەیە، هەر لە سوریاوە هەتا کۆریای باکور.
لە لایەکی دیکە دمیتری پـیسکۆڤ سکرتێری ڕۆژنامەوانی سەرۆکی ڕووسیا ئەمڕۆ گوتی هێشتا کارنامەی کۆبوونەوەکە ئامادە نەکراوە و ئێستا کاربەدەستانی هەردوو وڵات سەرقاڵی ئامادەکردنین.
پـسکۆڤ جەختی لەوە کردەوە کە پـرسی کۆریای باکور بابەتێکی سەرەکی وتووێژەکانی نێوان هەردوو سەرۆک دەبن.