Accessibility links

مۆسکۆ داوا لە واشنتن دەکات ژمارەی دیپـلۆماتەکانی لە ڕووسیا کەمبکاتەوە


وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ئەمڕۆ فەرمانی دا بە کەمکردنەوەی ژمارەی دپلۆماتانی ئەمەریکایی لە وڵاتەکەیدا و گوتیشی هۆکاری داخستنی سەنتەرێکی گەمە و کات بەسەربردنی ئەمەریکای لە ڕووسیا ، لە تۆڵەی ئەو گەمارۆ نوێـەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەسەر ڕووسیای سەپاند.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ئاماژەی بەوەشکرد کە ژمارەی دپلۆماتانی ئەمەریکا لە ڕووسیا کەمکراوەتەوە بۆ 455 دپلۆمات ، بەڵام روون نیـیە کە ئایا لە ئێستادا چەند دپلۆماتی ئەمەریکایی لە ڕووسیا کاردەکەن.

ئەوەی جێی ئاماژەیە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا دوێنێ پـێنجشەممە لە پـرۆژە بڕیارێـکدا سزای نوێی توندی دارایی پەسەندکرد لە دژی ڕووسیا و ئێران و کۆریای باکور.

پـرۆژە بڕیارەکە ڕەوانەی لای سەرۆک ترامپ کرا بۆ ئەوەی واژویبکات و ببێتە بڕیار. سەپاندنی ئەم سزا نوێـیانەی ئەمەریکا بەسەر روسیا ئامانجی ڤلادیمیر پوتنی سەرۆکی ڕووسیایە لەگەڵ کەسە نزیکەکانی.

یاساکە ڕێگە بە سەرۆک ترامپ نادات بەبێ ڕەزامەندی کۆنگرێس سزاکان لەسەر ڕووسیا سووک بکرێن یان لاببرێن.

یاسادانەرانی ئەمەریکا ئەم سزا نوێـیانەیان سەپاندووە بەهۆی دەستێوەردانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2016 ی وڵاتەکە و هەروەها بەهۆی لەشکرکێشی ڕووسیا لە ئۆکرانیا و سوریا و پـشتیوانیکردن لە بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا.

پەیوەندیەکانی نێوان واشنتن و مۆسکۆ ئاڵوزبوون دوای ئەوەی ڕووسیا لە ساڵی 2014 نیمچە دورگەی کریمەی ئۆکرانیای بە وڵاتەکەیەوە لکاند.

XS
SM
MD
LG