Accessibility links

ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمەریکا و ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان


لەمیانەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئەمەریکا و ڕووسیا ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە سەبارەت بەوەی ئەمەریکا دەڵێت مۆسکۆ پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیای هەیە. بەڵام کرێملن ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد بە ئەندامانی ئەنجومەنەکەی وت " ئەو بارودۆخەی لە ئەوروپا ڕووبەڕوومان بۆتەوە بەپەلەیە و مەترسیدارە، مەترسییەکانی سەر ئۆکرانیا و سەرجەم وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر گەورەیە."

گرینفیڵد وتی زیاتر لە 100,000 سەربازی ڕووسیا لەسەر سنووری ئۆکرانیا جێگیرکراون و هێزی شەڕکەر و تایبەتیشیان تێدایە و ئامادەن بۆ چوونە ناو ئۆکرانیاوە.

وتی " بەڕوونی گوێتان لێم بێت، لە ماوەی چەند دەیەیەکی ڕابردوودا ئەمە گەورەترین، گەورەترین بڵاوکردنەوەی هێزە لە ئەوروپادا، لەم کاتەشدا کە قسە دەکەین ڕووسیا هێز و چەکی زیاتر ڕەوانەی سنوورەکە دەکات."

وتیشی " لە ئێستادا 5000 سەربازی ڕووسی و موشەکی باڵیستیکی مەودا کورت و هێزی تایبەتیی و دژە تانک " ڕەوانەی بێلاڕوسی هاوپەیمانی نزیکی ڕووسیا کراون، وتیشی بەڵگە هەن لەسەر ئەوەی مۆسکۆ پلانی هەیە تاوەکو سەرەتای مانگی دوو ژمارەی سەربازەکانی لە بێلاڕووس بۆ 30,000 سەرباز زیادبکات.

گرینفیڵد وتی دوژمنکارییەکانی ڕووسیا هەڕەشەیە بۆ سەر ئۆکرانیا و ئەوروپا و یاسا نێودەوڵەتیەکانیش.

وتی " ئەو یاسایەش ئەوەیە کە یەک وڵات ناتوانێت لەڕێی بەکارهێنانی هێزەوە سنووری وڵاتێکی دیکە بگۆڕێت، یاخود شتێک بکات خەڵکانی وڵاتێکی دیکە ناچار بکات لەژێر دەسەڵاتی حکومەتێکدا بژین کە خۆیان هەڵیان نەبژاردووە."

دوابەدوای لێدوانەکانی گرینفیڵد، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و وتی " ئەگەر ڕووسیا نیازی بێت لەڕێی گفتوگۆوە باس لە نیگەرانیە ئەمنییەکانمان بکات، ئەوا ئەمەریکا و هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان بە نیازێکی باشەوە بەردەوام دەبین لە گفتوگۆکردن."

وتیشی " بەڵام ئەگەر ڕووسیا بیەوێت دووربکەوێتەوە لە دیبلۆماسیەت و هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا، ئەوا ڕووسیا دەبێت بەرپرسیارێتی ئەو کارەی هەڵبگرێت و ڕووبەڕووی دەرەنجامێکی توند و خێرا دەبێتەوە."

ئەمەریکا هۆشداریداوەتە ڕووسیا ئەگەر ئۆکرانیا داگیربکات ئەوا ڕووبەڕووی سزایەکی توندی ئابووری دەبێتەوە. لە ساڵی 2014 دا ڕووسیا نیمچە دورگەی کرێمیای ئۆکرانیای بەشێوەیەکی نایاسایی گرتەخۆی و وتی پلانی نیە دووبارە ئۆکرانیا داگیربکاتەوە.

لەلایەکی دیکەوە باڵیۆزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڤاسێلی نیبینزیا ویستی ڤیتۆ دژی کۆبوونەوە کراوەکەی ڕۆژی دووشەممە بەکاربهێنێت، بەڵام شکستی هێنا لە بەدەستهێنانی پشتیوانی بۆ داواکارییەکەی.

وتی " ڕووسیا لەوە ناترسێت باسی کێشەکە بکات، بەڵام لەوە تێناگات بۆچی گفتوگۆکردنی ئەنجومەنەکە پێویست بووە."

وتیشی " پێشتریش چەند جارێک هێزمان لەسەر خاکی خۆمان جووڵاندووە و نەبووەتە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێ."
ئاماژەشی بەوەدا ئەمەریکا و ئەوروپا بەشێوەیەک ڕەفتار دەکەن کە داگیرکردنەکە ڕوویداوە و هیچ بەڵگەیەکیشیان پیشان نەداوە لەسەر ئەوەی پلانی داگیرکردن هەبێت.

نیبینزیا وتی " هاوەڵە ئەوروپییەکانمان باس لە پێویستی کەمکردنەوەی گرژییەکان دەکەن، بەڵام پێش هەموو شتێک سەرەتا ئەوان گرژییەکان زیاد دەکەن، لەڕووی لێدوان و ڕەفتاری وروژێنەرانەوە." وتیشی داواکردنی کۆبوونەوە لەسەر هەڕەشەی جەنگ " کارێکی وروژێنەرانەیە."

وتیشی بەرپرسانی ڕووسیا " پلانی داگیرکردنیان ڕەت کردۆتەوە " و هەر کەسێکیش پێچەوانەی ئەوەت پێبڵێت ئەوا " چەواشەت دەکات."

نوێنەری ئۆکرانیا وتی بەپێی ئەزموونەکانی ڕابردوویان لەگەڵ ڕووسیادا، ناتوانن هەروا بە ئاسانی بڕوا بە لێدوانەکانی ڕووسیا بکەن و مۆسکۆ دەبێت هێزەکانی لەنزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا بکشێنێتەوە.

یەکێک لە داواکارییەکانی ڕووسیا ئەوەیە ڕێگە نەدرێت ئۆکرانیا هەرگیز ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.

نوێنەری ئۆکرانیا سێرگی کیسلتسیا بە ئەنجومەنەکەی وت " ئۆکرانیا بە توندی هەر هەوڵێک ڕەت دەکاتەوە کە تیایدا هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز وەکو فشارێک بەکاربهێندرێت بۆ ئەوەی ئۆکرانیا و هاوبەشەکانمان ناچار بکەن بە داواکارییەکانیان ڕازی ببین. سازش ناکەین لەسەر کێشە سەرەکییەکان. هەڵوێستی سەرەکی ئۆکرانیا ئەوەیە کە مافی سەروەریی خۆمانە بڕیار لەسەر ڕێکەوتنەکانی ئاسایشی خۆمان بدەین، لەوانەش هاوپەیمانێتیەکان کە ڕووسیا ناتوانێت پرسیاری لەسەر بکات."

جەختیشی لەوە کردەوە ئۆکرانیا ئامادەیە بەرگری لە خۆی بکات، بەڵام پشتیوانی لە بەکراوەیی هێشتنەوەی کەناڵە دیبلۆماتیەکان دەکات لەگەڵ ڕووسیادا. ئاماژەشی بەوەدا سەرۆکی وڵاتەکە ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی وتوویەتی ئامادەیە لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتندا کۆببێتەوە.

نوێنەرەکەی ئۆکرانیا وتی " ئەگەر ڕووسیا هەر پرسیارێکی لە ئۆکرانیا هەیە، ئەوا باشترە کۆببێتەوە و قسە بکات، نەک هێز بهێنێتە سەر سنوورەکانی ئۆکرانیا و گەلی ئۆکرانیا بترسێنێت."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG