Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت پێدانی چەکی مەودا دوری ڕۆژئاوایی بە ئۆکرانیا پەرە بە جەنگەکە دەدات


ڕووسیا دەڵێت پێدانی چەکی مەودا دور بە ئۆکرانیا نابێتە ڕێگر لە بەردەم هێزەکانی ڕووسیادا، بەڵکو گرژییەکان زیاد دەکات و دەبێتە هۆی پەرەسەندنی جەنگەکە.

ئەم لێدوانەی وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ لە نێوەندی هەواڵەکاندا هات سەبارەت بەوەی ئەمەریکا ئامادەکاری دەکات کۆمەڵێک یارمەتی سەربازیی دیکە بۆ ئۆکرانیا دابین بکات، یارمەتییەکان موشەکی مەودا درێژترییان تێدا دەبێت بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا بۆ بەرپەرچدانەوەی داگیرکارییەکەی ڕووسیا.

ڕۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی ئەمەریکی نزیک لە بابەتەکەوە بڵاوکردەوە چەکەکە ناوی بۆمبی تیرە بچووکە کە لە زەوییەوە هەڵدەدرێت و مەوداکەی دەگاتە 150 کیلۆمەتر، ئەو جۆرە چەکەش بەشێکە لەو یارمەتییانەی کە بە زوویی لەم هەفتەیەدا ڕادەگەیەنرێن.

پێشبینی دەکرێت یارمەتییەکان موشەکی دژە تانکی جاڤیلین و دژە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی دژە سیستمی تۆپهاوێژ و ئوتومبێلی زریپۆش و کەلوپەلی پەیوەندی و تەندروستیان تێدا بێت.

میخایلۆ پۆدۆلیاکی ڕاوێژکاری سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی هەر قۆناغێکی جەنگەکە پێویستی بە جۆرە چەکێکی دیاریکراوە. وتیشی هاوپەیمانێتییەکی هاوبەشەکان هەیە یارمەتی ئۆکرانیا دەدەن تانکییان دەستبکەوێت و مەشقی لەسەر بکەن و بەکارییان بهێنن، هەروەها گفتوگۆش هەن لەسەر " دابینکردنی موشەکی مەودا درێژتر و فڕۆکەی هێرشبەر."

ڕۆژی چوارشەممە ڕۆژێک دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بەرپرسانی فەڕەنسادا، وەزیری بەرگری ئۆکرانیا ئۆلێکسی ڕێزنیکۆڤ وتی سوپاسگوزاری فەڕەنسایە بۆ دابینکردنی هاویتزەر و موشەکی بەرگری ئاسمانی و ئوتومبێلی زریپۆش و سوتەمەنی و کەلوپەک و پێدانی مەشق بە سەربازانی ئۆکرانیا.

هەفتەی ڕابردوو ئەمەریکا و ئەڵمانیاش بەڵێنیان دا تانک بدەن بە ئۆکرانیا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG