Accessibility links

ئەمەریکا: سزا ئابوورییەکانی ئەمجارە بۆ سەر ڕووسیا توندتر دەبن لە سزاکانی ساڵی 2014


ئەمەریکا هۆشداریدایە ڕووسیا و وتی ئەگەر ئۆکرانیا داگیربکات ئەوا ڕووبەڕووی سزایەکی ئابووری دەبێتەوە کە خێراتر و توندترە لەو سزایانەی کە لە ساڵی 2014 دا سەپێندران بەسەر ڕووسیادا، کاتێک نیمچە دورگەی کرێمیای بەشێوەیەکی نایاسایی لەخۆگرت.

بەرپرسێکی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئێمە ئامادەین بۆ سەپاندنی سزایەکی توندتر کە لە ساڵی 2014 دا ئەو جۆرە سزایە نەسەپێندراوە. ئەوەش مانای ئەوەیە قۆناغ بە قۆناغی ڕابردوو تەواو بوو، ئەمجارە لە سەرەوە دەستپێدەکەین و لەوێش دەمێنینەوە."

بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی ئەمەریکا " ئامادەشە بۆ سەپاندنی سزا بەسەر کەرتی هەناردەی تەکنەلۆجیای ڕووسیشدا "، ئەوەش لەپێناو پەکخستنی ئابووری ئەو وڵاتەدا.

وتیشی " دەتوانیت ئەم سزایانە بۆ سەر کەرتی هەناردەی تەکنەلۆجیای ڕووسیدا وەکو سەپاندنی کۆتوبەندێک سەیر بکەیت بۆ سەر بازرگانی ئەو وڵاتە، بەشێوەیەک کە لە خزمەتی بەرژەوەندییە فراوانەکانی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکادا بێت."

بەرپرسەکە وتی " ئەم جۆرە سزایە ڕاستەوخۆ هەوڵە ستراتیژییەکانی پوتن بۆ بەرەوپێشبردنی ئابووریی وڵاتەکەی دەکاتە ئامانج و دەبێتە هۆی پەکخستنی ئەو بابەتانەی بۆ ئەو گرنگن."

دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 دا ڕووسیا نیمچە دورگەی کرێمیای ئۆکرانیای لەخۆگرت، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی کۆمەڵێک سزای سووکیان بەسەر ڕووسیادا سەپاند، دواتر دەرکەوت سزاکان کاریگەرییان نەبووە و هێشتا نیمچە دورگەکە لەژێر دەسەڵاتی ڕووسیادایە.

بەرپرسێکی دیکەی ئەمەریکا وتی ئەمەریکا لەگەڵ بەرهەمهێنەرانی وزەدا لە سەرانسەری جیهاندا کاردەکات بۆ دابینکردنی سوتەمەنی بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەوروپا لەکاتێکدا ئەگەر پوتن هەناردەی گاز بۆ ڕۆژئاوا ڕابگرێت.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG