Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت ژێرئاوگەرێکی ئەمەریکای لە ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی دوورخستۆتەوە


دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕووسی لە زاری وەزارەتی بەرگری ڕووسیاوە بڵاویکردەوە دوای ئەوەی ژێرئاوگەرێکی ئەمەریکی فەرمانەکانی کەشتیەکی سەر بە هێزی دەریایی ڕووسیای پشتگوێ خستووە کاتێک داوای لێکردووە خۆی دەربخات، کەشتیە ڕووسییەکە ژێرئاوگەرەکەی دوورخستۆتەوە.

بەهۆی ڕووداوەکەوە ڕووسیا ئەمەریکای تۆمەتبارکردووە بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی و دروستکردنی هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی ڕووسیا، کە ئەمەش لەکاتێکدایە گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا لەسەر زیادبوونی هێزەکانی ڕووسیا لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا زیاتر بووە.

ئەمەریکا تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو ڕووداوە نەداوە.
دەزگاکە لە زاری وەزارەتی بەرگری ڕووسیاوە بڵاویکردەوە ستافی کەشتی مارشاڵ شاپۆشنیکۆڤ " پەیوەندییان " بە ژێرئاوگەرەکەوە کردووە تاوەکو ئاوەکانی ڕووسیا جێبهێڵێت.

وتیشی سەبارەت بە ڕووداوەکە پەیوەندییان بە لێپرسراوی بەرگری باڵیۆزخانەی ئەمەریکاش کردووە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی ژێرئاوگەرەکە سەرەتا لە نزیک دورگەکانی کوریل بیندراوە، لەوێش هێزەکانی ڕووسیا مەشقی دەریایی ئەنجام دەدەن، فەرمان بە ژێرئاوگەرەکە کراوە دەستبەجێ خۆی پیشان بدات.

وتی فەرمانەکە لەلایەن ستافی ژێرئاوگەرەکەوە پشتگوێ خراوە، ئەمەش وایکردووە کەشتیە ڕووسیەکە ڕێوشوێنێکی نادیاریکراو بگرێتەبەر بۆ ئەوەی ژێرئاوگەرەکە ناچار بکات بڕوات.

وەزارەتەکە وتی " ژێرئاوگەرە ئەمەریکییەکە بەخێرایی ئاوەکانی ڕووسیای جێهێشتووە."

ڕۆژی شەممە وەزیری بەرگری ڕووسیا لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە قسەی لەگەڵ هاوتا ئەمەریکییەکەیدا کرد، لەکاتێکدا ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا هۆشدارییاندا لەسەر ئەوەی دەکرێت لە هەر ساتێکدا بێت جەنگ لە ئۆکرانیا هەڵبگیرسێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG