Accessibility links

سەرۆکی هەواڵگری ئەمەریکا: پوتن هێشتا دەیەوێت زۆربەی ئۆکرانیا بگرێت بەڵام ناتوانێت


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن

بەرپرسی باڵای هەواڵگری ئەمەریکا دەڵێت سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن هێشتا دەیەوێت زۆربەی ئۆکرانیا بگرێت، بەڵام هێزەکانی ئەوەندە ئاستییان دابەزیوە بەهۆی شەڕەکەوە کە تەنها دەتوانن دەستکەوتێکی کورت خایەن بەدەستبهێنن.

بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی ئەمەریکا ئاڤڕیڵ هەینس ئاماژەی بە هەڵسەنگاندنی ئێستای هەواڵگری ئەمەریکادا سەبارەت بە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا و وتی بە گشتی دەزگا سیخوڕییەکانی ئەمەریکا دەڵێن کە جەنگەکە " بۆ ماوەیەکی دیکە درێژ دەبێتەوە."

هەینس بە کۆنفرانسێکی وەزارەتی بازرگانی وت " بە کورتی، وێنەکە بە تاریکی دەمێنێتەوە و ڕەفتاری ڕووسیا بەرامبەر ڕۆژئاوا ڕەقتر دەبێت."

لەم هەفتەیەدا سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی بە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و ڕابەرانی وڵاتانی دیکەی کۆمەڵەی حەوتی وت دەیەوێت جەنگەکە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ تەواو ببێت.

بەڵام لێدوانەکانی هەینس پێشنیاری ئەوەیان دەکرد بەو هەموو چەکە پێشکەوتووەی کە ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاواوە داوییانە بە هێزەکانی ئۆکرانیا، ئۆکرانیا هێشتا ناتوانێت بەمزووانە بەسەر ڕووسیادا زاڵ ببێت.

وتی پوتن سوورە لەسەر ئەوەی زۆربەی ئۆکرانیا بگرێت، سەرەڕای ئەوەش کە هێزەکانی ئۆکرانیا لە مانگی دوودا هەوڵەکانی ڕووسیایان پوچەڵکردەوە بۆ گرتنی کیێڤ، هێزەکانی ڕووسیایان ناچار کرد سەنگی هێرشەکانیان بخەنە سەر ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.

هەینس وتی " پێمان وایە پوتن هەمان ئەو ئامانجە سیاسییانەی هەیە کە پێشتر ئاماژەمان پێداون، ئەوەش ئەوەیە کە دەیەوێت زۆربەی ئۆکرانیا بگرێت."

وتیشی بەڵام هێزەکانی ڕووسیا بەهۆی زیاتر لە چوار مانگی شەڕەکەوە ئاستییان دابەزیوە و ڕەنگە نەتوانن بەمزووانە ئامانجەکەی پوتن بەدەستبهێنن.

وتی " لەیەک دابڕانێک دەبینین لەنێوان ئامانجە سەربازییەکانی پوتن و توانای هێزە سەربازییەکانیدا، شێوازێکە لە نەگونجان لەنێوان ئەو شتانەی کە دەیەوێت و ئەوەی کە هێزە سەربازییەکەی چەند دەتوانێت بەدەست بهێنێت."

وتیشی " لەم نێوەندەدا هێزەکانی ڕووسیا ناتوانن لە یەک کاتدا کۆمەڵێک ئۆپەراسیۆنی جیاواز ئەنجام بدەن."

هەینس وتی ئەرکی سەرەکی پوتن ئێستا ئەوەیە کە دەستکەوتی زیاتر لە هەرێمی دۆنباس بەدەستبهێنێت و هێزەکانی ئۆکرانیا بڕووخێنێت، ئەمەش بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی ڕووسیا " دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرگرییەکان لە ناوەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG