Accessibility links

ئەمەریکا دەڵێت بڕیارەکەی ڕووسیا کاریگەرییەکی دەستبەجێی لەسەر ئاسایشی خۆراک هەبووە


وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس دەڵێت بڕیارەکەی ڕووسیا بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەشداریکردنی لە ڕێکەوتنی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا لە دەریای ڕەشەوە " کاریگەرییەکی زیانبەخشی دەستبەجێی " هەبووە لەسەر ئاسایشی خۆراکی جیهان، نرخەکانی خۆراکیش بەهۆی نادیارییەکانەوە سەبارەت بە ڕێکەوتنەکە بەرزبوونەتەوە.

ڕۆژی شەممە ڕووسیا ڕایگەیاند ڕێکەوتنی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا لە بەندەرەکانی ئۆکرانیاوە لە دەریای ڕەش هەڵدەوەشێنێتەوە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان نێوەندگری تیادا کردبوو و لە مانگی هەشتدا واژۆ کرا. لە ماوەی ڕابردوودا ئۆکرانیا ڕایگەیاند ژمارەیەک لە کەشتییەکان لە دەریای ڕەش ڕێگەیان لێگیراوە، بەڵام ڕۆژی دووشەممە کەشتییە بارهەڵگرەکان کە گەنمی ئۆکرانیایان پێبووە توانییان بەندەرەکانی ئۆکرانیا جێبهێڵن.

پڕایس بە ڕۆژنامەنووسانی گوت " هەر تێکدانێکی ڕێکەوتنەکە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانی خۆراک و متمانەی ئەو بیمەدەر و بارهەڵگرە بازرگانییانە کەم دەکاتەوە کە گەڕاونەتەوە بۆ ڕێڕەوەکانی دەریای ڕەش و هەروەها قورسایی زیاتر دەخاتە سەر ئەو وڵاتانەی کە داهاتییان کەمە و بە دەست قەیرانی مرۆیی و ناپارێزراوی ئاسایشی خۆراکی جیهانەوە دەناڵێنن."

پڕایس گوتی پێش بڕیارەکەی ڕۆژی شەممە، نرخەکانی خۆراک بەرزبوونەوە چونکە بەرپرسانی ڕووسیا کۆمەڵێک لێدوانییاندا کە گومانیان لەسەر تەمەن درێژی ڕێکەوتنە دروست کرد.

گوتی " ئەمە پرسێکی دوولایەنە نیە لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا." ئاماژەشی بەوەدا لە سەدا 66 ی ئەو گەنمەی بەپێی ڕێکەوتنەکە هەناردە کراوە ڕەوانەی وڵاتە پێشکەوتووەکان کراوە و لە سەدا 19 ی ڕەوانەی ئەو وڵاتانە کراوە کە کەمتر پێشکەوتوون.

گوتیشی ڕێڕەوی وشکانیش هەن و بەکارهێندراون بۆ هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا، بەڵام " ئەو ڕێڕەوانە لە ئاست ئەو بڕە گەنمە زۆرەدا نین کە لە ڕێی کەشتییەکانەوە لە دەریای ڕەشەوە هەناردەی دەرەوە دەکرێن."

گوتی " ئەوە لە بەرژەوەندی هیچ کەسێکدا نیە، ئەوە لە بەرژەوەندی ڕووسیادا نیە. لە بەرژەوەندی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشدا نیە ببینێت ئەم ڕێکەوتنە بە هەڵوەشاوەیی بمێنێتەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG