Accessibility links

بلینکن بۆ ڕووسیا: ئەگەر بەنیازی داگیرکردن نین لە سنوورەکانی ئۆکرانیا بکشێنەوە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بە وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگەی لاڤرۆڤی وتووە ئێستا کاتی ئەوەیە ڕووسیا لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا بکشێتەوە ئەگەر مۆسکۆ نیازی داگیرکردنی نیە.

بەرپرسەکەی ئەمەریکا وتی لە ماوەی پەیوەندییە تەلەفونیەکەدا کە نزیکەی 30 خولەکی خایاندووە، بلینکن و لاڤرۆڤ " گفتوگۆیەکی پیشەیی و ڕاشکاوانەیان بە زمانی ئینگلیزی ئەنجامداوە." بەڵام وتیشی هیچ ڕێکەوتنێک یاخود ئەنجامێکی لێنەکەوتۆتەوە و واشنتن هیچ ئاماژەیەکی نەبینیوە لەسەر کەمبوونەوەی گرژییەکان.

بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی " بەردەوام گوێمان لەوە دەبێت کە ڕووسیا پلانی داگیرکردنی نیە، بەڵام بێگومان هەر کارێک کە دەیبینین پێچەوانەی ئەو قسەیەیە، هێزەکانیان بەردەوام زیاد دەکەن و چەکی قورس ڕەوانەی سنوورەکە دەکەن."

بەرپرسەکە وتی " وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە لاڤرۆڤی وتووە ئەگەر سەرۆک پوتن بەڕاستی نیازی جەنگ یاخود گۆڕینی ڕژێمەکەی نیە، ئەوا ئێستا کاتی ئەوەیە هێز و چەکە قورسەکانیان بکشێننەوە و بچنە گفتوگۆیەکی جددییەوە، گفتوگۆیەک کە پەرە بە ئاسایشی ئەوروپا بدات."

ڕووسیا زیاتر لە 100,000 سەربازی لەسەر سنووری ئۆکرانیا جێگیرکردووە، وڵاتانی ڕۆژئاواش دەڵێن لەوە دەترسن پوتن پلان بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا دابنێت.

هەفتەی ڕابردوو وڵاتانی ڕۆژئاوا بە فەڕمی داواکانی ڕووسیایان سەبارەت بە ڕێگە نەدان بە ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە هاوپەیمانێتی ناتۆ و کشاندنەوەی هێزەکانی ناتۆ لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا ڕەت کردەوە، هاوکات ئامادەیی خۆیان پیشاندا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی چەک و گرتنەبەری کۆمەڵێک ڕێوشوێن بۆ بونیادنانی متمانە.

بەرپرسەکە وتی لاڤرۆڤ لە پەیوەندییە تەلەفونیەکەیدا لەگەڵ بلینکن " ڕوونی کردۆتەوە " ئەو نامەیەی ڕۆژی دووشەممە لاڤرۆڤ ناردوویەتی بۆ ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە " وەڵامی فەڕمی ڕووسیا نەبووە."

بەرپرسەکە وتی " وەڵامە فەڕمییەکە دەبێت ڕەوانەی پوتن بکرێت، دواتر بۆ ئێمەی دەنێرن. هەر کە وەڵامەکەمان پێگەیشت، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی جارێکی دیکە قسە بکەنەوە و تاوتوێی هەنگاوەکانی دواتر بکەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG