Accessibility links

ئەمەریکا و ڕووسیا لەسەر ئاگربەستێک بۆ باشوری ڕۆژئاوای سوریا بە ڕێکەوتنێک دەگەن


ئەمەریکا و ڕووسیا دەڵێن پـێکەوە لەگەڵ ئوردن بە ڕێکەوتنێـک گەیشتوون لەسەر ئاگربەست بۆ ناوچەی باشوری ڕۆژئاوای سوریا، وە ئەم یەکشەممەیە لە کاژمێر 9 ی بەیانی بە کاتی گرینچ دەچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

ئێوارەی هەینی پاش ئەوەی لە پەراوێزی گۆنگرەیG20سەرۆک ترامپ و ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیا لە شاری هامبورگی ئەڵمانیا کۆبوونەوە، ڕێکەوتنەکە ڕاگەیەندرا.

ڕێکس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و سێرگێی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئەوانیش بەشداری کۆبوونەوەکە بوون کە بەرنامەی بۆ دانرابوو 30 خولەک بەردەوامبێت، بەڵام بۆ 2 کاژمێر درێژەی کێشا.

تیلەرسن گوتی "پێموایە ئەمە یەکەم نیشانەیە کە ئەمەریکا و ڕووسیا دەتوانن پـێکەوە لە سوریا کاربکەن.. بۆیە لەسەر ئەو ئەنجامە وتووێژێـکی زۆر درێژترمان ئەنجام دا سەبارەت بە ناوچەکانی دیکەی سوریا ئەوانەی دەتوانین تیایاندا پـێکەوە کاربکەین بۆ هێورکردنەوە دۆخەکە."

گوتیشی ئەو ناوچەیەی ئاگربەستەکە دەیگرێتەوە کاریگەری بەسەر ئاسایشی ئوردن هەیە و بەشێـکی زۆر ئاڵۆزی مەیدانی شەڕی سوریایە. جەخی لەوەش کرد ئامانجەکانی ئەمەریکا و ڕووسیا لە سوریا بە تەواوی وەکو یەکن.

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئەویش گوتی ڕێکەوتنەکە وەها دەکات کۆمەکە مرۆیـیەکان بگەنە ناوچەکە، پاشان پەیوەندی دروستبێت لە نێوان ئۆپـۆزسیۆن لەو بەشەی سوریا و ناوەندی چاودێری کە لە عەممانی پایتەختی ئوردن دادەمەزرێت.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هەڵوێستی هەریەک لە حکومەتی سوریا و ئۆپۆزسیۆنی بەرەی باشور کە سەر بە ڕۆژئاوایە لەسەر ئەم ڕێکەوتنی ئاگربەستە ڕانەگەیەندراوە.

هەروەها هێشتا ڕوون نیـیە ئەم ئاگربەستە بە تەواوی کام ناوچانەی باشوری ڕۆژئاوای سوریا دەگرێتەوە.

XS
SM
MD
LG