Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمەریکادا لە نزمترین ئاستدان


کرێملن بە دەزگای هەواڵی ئاڕ ئای ئەی ڕووسی وت سەرەڕای گفتوگۆ دوو قۆڵییەکان لەم دواییانەدا، پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و ئەمەریکا " لەنزمترین ئاستدان." ئەمەش لەنێوەندی ناڕەزاییەکانی ڕۆژئاوادا سەبارەت بە مەشقە سەربازییە گەورەکانی ڕووسیا لە نزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا.

ڕۆژی یەکشەممە ئەمەریکا ڕایگەیاند دەکرێت لە هەر کاتێکدا بێت ڕووسیا هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا، هاوکات دووبارە جەختیشی لەوە کردەوە بەرگری لە ناوچەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ دەکەن.

ڕووسیا زیاتر لە 100,000 سەربازی لە نزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا جێگیرکردووە و چەند جارێکیش ڕەتی کردۆتەوە پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیای هەبێت.

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتی چەند کەناڵێکی دیاریکراوی پەیوەندی هەبوون، یەکێک لەوانە ئەوە بوو سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن و سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە یەکترەوە کرد، ڕۆژی شەممە دوو سەرۆکەکە لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە قسەیان کرد، بەڵام پەیوەندییەکان لە بوارەکانی دیکەدا خراپ بوون.

دەزگای هەواڵی ئاڕ ئای ئەی ڕووسی لەزاری پێسکۆڤەوە بڵاویکردەوە " سەرۆکەکانی دوو وڵاتەکە لە گفتوگۆدان، گفتوگۆی دیکەش هەن لەسەر ئاستی دیکە. ئەمە شتێکی ئەرێنییە چونکە دەزانین دوو ساڵ لەمەوبەر هیچ گفتوگۆیەک نەبوو، هیچ جۆرە پەیوەندییەکی لەوجۆرە نەبوو."

وتی " بەڵام لە بوارەکانی دیکەدا، بەداخەوە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان تەنها دەتوانیت باس لە نەرێنییەکانی بکەیت. پەیوەندییەکانمان لە ئاستێکی زۆر زۆر نزمدان. لەڕاستیدا کەوتوونەتە سەر زەوییەکە."

جێی ئاماژەیە ڕووسیا و بێلاڕووسی دراوسێی ئۆکرانیا لە باکوورەوە مەشقێکی گەورەی هاوبەش ئەنجام دەدەن. وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی ڕۆژی دووشەممە فڕۆکە جەنگییەکانی سو – 30 ڕووسی ئەرکێکی هاوبەشیان بەدرێژایی سنووری نێوان ڕووسیا و بێلاڕووس ئەنجامداوە.

ڕۆژی شەممە هێزی دەریایی ڕووسیا ڕایگەیاند زیاتر لە 30 کەشتی دەستیان کردووە بە مەشقەکانیان لە نزیک نیمچە دورگەی کرێمیا کە لە ساڵی 2014 دا ڕووسیا بەشێوەیەکی تاکلایەنانە گرتییەخۆی.

سوپای ڕووسیا وتی هاوکات زیاتر لە 30 فڕۆکەی هێلیکۆپتەری گواستنەوە و هێرشبەر بەشدارییان لە مەشقەکانی باشووری ڕووسیادا کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG