سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن پەیماننامەی سنووردانانی بۆ چەکی ستراتیژی کە بە نیوستارت ناسراوە بۆ ماوەی پێنج ساڵ درێژکردەوە، وتیشی هیوادارە ڕێگە لە پێشبڕکێی خۆپڕچەککردن بگرێت، ئەمەش سەرەڕای گرژییەکانی ئێستای نێوان واشنتن و مۆسکۆ سەبارەت بە کۆمەڵێک بابەت، لەوانەش بابەتی زیندانیکردنی ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ڕوسیا ئالێکسی ناڤاڵنی.
پێش تەنها یەک ڕۆژ لە بەسەرچوونی ماوەی پەیماننامەکە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند ئەمەریکا پەیماننامەی نیوستارتی بۆ پێنج ساڵ درێژکردۆتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە بەیاننامەیەکدا وتی " سەرۆک بایدن بەڵێنی بە گەلی ئەمەریکا داوە پارێزراو بن لە هەڕەشەی چەکی ناوەکی، ئەوەش لەڕێی گەڕاندنەوەی سەرکردایەتی ئەمەریکا لە بواری دانانی سنوورێک بۆ خۆپڕچەککردن و ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە چەکانە."
جەختیشی لەوە کردەوە ئەمەریکا پابەندە بە دانانی سنوورێک بۆ پێشبڕکێی خۆپڕچەککردن.
ڕۆژی هەینی سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن یاسایەکی پەسەند کرد بۆ درێژکردنەوەی پەیماننامەکە، ئەمەش مانای ئەوەیە پەیماننامەکە کە لە ساڵی 2010 دا لەلایەن سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا باراک ئۆباماوە واژۆ کراوە تاوەکو پێنجی مانگی 2 ی ساڵی 2026 بەردەوام دەبێت.
بلینکن ئاماژەی بەوەدا بۆ پێنج ساڵی داهاتوو ئەمەریکا پەیڕەوی سیاسەتێک دەکات بۆ بەرپەرچدانەوەی " سەرجەم چەکە ناوەکیەکانی ڕوسیا و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی جبەخانەی ناوەکی چینی."
بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدن ڕوونیکردەوە پەیماننامەکە درێژ دەکاتەوە بەڵام لە هەمان کاتدا لەڕووی دیکەوە فشار دەخاتە سەر ڕوسیا.
ڕۆژی سێشەممە بلینکن داوایکرد ڕوسیا بەزووترین کات و بەبێ مەرج ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ڕوسیا ئالێکسی ناڤاڵنی ئازاد بکات، ئەمەش دوای ئەوەی سزای زیندانیکردن بۆ ناڤاڵنی دەرچوو.
سەرچاوە/ فرانس پرێس