بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتیەکەی ئەمەریکا وتی کۆشکی سپی تیمێکی شارەزایان پێکهێناوە بۆ داڕشتنی پلانێک لەسەر ئەوەی ئەمەریکا چۆن بتوانێت وەڵام بداتەوە ئەگەر ڕووسیا لە ماوەی داگیرکارییەکەیدا لە ئۆکرانیا چەکی کۆمەڵکوژی وەکو چەکی کیمیایی یاخود بایەلۆجی و ناوەکی بەکاربهێنێت.
ڕووسیا چەند جارێک باسی لە بەکارهێنانی چەکی ناوەکی کردووە، لەکاتێکدا کۆشش دەکات لە زاڵبوون بەسەر سوپای ئۆکرانیادا و ماوەی مانگێکە جەنگێکی دژی ئۆکرانیا دروستکردووە کە بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تایبەت " ناودێری دەکات. لەم هەفتەیدا کرێملن وتی ئەو جۆرە چەکانە تەنها لەکاتێکدا بەکاردەهێندرێن ئەگەر " بوونی ڕووسیا هەڕەشەی لەسەر بێت."
بەرپرسانی ئەمەریکا هۆشدارییان داوە لەسەر ئەوەی تۆمەتەکانی ڕووسیا لەسەر ئەوەی ئۆکرانیا لەوانەیە چەکی کیمیایی بەکاربهێنێت درۆن، دەشڵێن ئەو تۆمەتانە ئاماژەیەکن لەسەر ئەوەی ڕەنگە ڕووسیا پەنا بباتە بەر ئەو چەکانە.
ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی ئەگەر ڕووسیا لە داگیرکارییەکەیدا لە ئۆکرانیا چەکی کیمیایی بەکاربهێنێت ئەوا ئەمەریکا وەڵام دەداتەوە.
سەرۆک بایدن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بڕۆکسل وتی " وەڵام دەدەینەوە، وەڵام دەدەینەوە ئەگەر پوتن ئەو چەکانە بەکاربهێنێت. سروشتی وەڵامدانەوەکەمان پەیوەست دەبێت بە سروشتی بەکارهێنانی ئەو چەکانەوە."
بەرپرسەکەی ئەمەریکا وتی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان لە 28 ی مانگی دوودا یاداشتێکی ناوخۆیی بۆ دەزگاکان ناردووە تاوەکو تیمێکی ستراتیژی پێکبهێنن بۆ تێڕوانین لەو گۆڕانکارییە جیۆسیاسییە گەورانەی کە لە ئێستادا بەهۆی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا ڕوودەدەن. تیمی دووەم کە لە ناوخۆی بەڕێوبەرایەتییەکەدا بە " تیمی تایگەر " ناسراوە هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکەن سێ مانگی داهاتوو چۆن دەبێت.
بەرپرسێکی ئەمەریکا وتی تیمە ستراتیژییەکە کاردەکەن " بۆ چاودێریکردن و کەمکردنەوەی مەترسییەکان، لەکاتێکدا تاوتوێی ئەوە دەکەن چۆن پەرە بە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا بدەن و بەرگری لێبکەن."
بەرپرسەکە وتی تیمەکان پلانی بەپەلە دادەنێن بۆ کۆمەڵێک سیناریۆی هەمەجۆر، سیناریۆکانیش بریتین لە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی کیمیایی یاخود بایەلۆجی لەلایەن ڕووسیاوە، بە ئامانجکردنی کاروانە ئەمنییەکانی ئەمەریکا، تێکچوونی زنجیرە خۆراکی جیهان، بەردەوامیی وەڵامدانەوەکان بۆ زیادبوونی قەیرانی پەنابەران.
وتیشی تیمەکان تاوتوێی ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ناوەکیش دەکەن لەلایەن ڕووسیاوە.
بەرپرسەکە ئاماژەی بەوە نەدا وەڵامی ئەمەریکا بەدیاریکراوی چی دەبێت ئەگەر ڕووسیا چەکی کۆمەڵکوژ بەکاربهێنێت، بەڵام ڕوونی کردەوە ئەمەریکا وەڵامی دەبێت.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا جۆن کیربی لە سی ئێن ئێن وتی پێویستە لەسەر ئەمەریکا بیر لە پلانە بەپەلەکان بکاتەوە.
کیربی وتی " هیچ ئاماژەیەکمان نەبینیوە لەسەر ئەوەی ڕووسەکان ئامادەکاری بکەن بۆ بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ لەناوخۆی ئۆکرانیادا. ئەگەر ئەوە ڕووبدات ئەوا وەڵامدانەوەیەکی گەورەی دەبێت، لەلایەن ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشەوە."
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان ڕۆژی سێشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی وت سەرۆک بایدن لەمیانەی گفتوگۆکاندا لە بڕۆکسل لەگەڵ ناتۆ و ڕابەرانی ئەوروپادا باس لە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەکات لەلایەن ڕووسیاوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس ڕۆژی چوارشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی وت سەرۆک بایدن تاوتوێی چەکی کیمیایی و بایەلۆجی دەکات لەگەڵ هاوپەیماناندا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
ئەمەریکا پلان دادەنێت بۆ کاتێک ئەگەر ڕووسیا چەکی کیمیایی و ناوەکی بەکاربهێنێت
