سەرکردە سەربازییە باڵاکانی ئەمەریکا و ڕوسیا بۆ ماوەی شەش کاتژمێر لە هیلسینکی پایتەختی فینلەندا کۆبوونەوە، ئەمەش یەکەمین کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی نێوانیان بوو لە دوای ساڵی 2019 ەوە.
سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەمەریکا جەنەڕاڵ مارک مێڵی و سەرۆک ئەرکانی سوپای ڕوسیا جەنەڕاڵ ڤالێری گیراسیمۆڤ وردەکاری کۆبوونەوەکەیان ئاشکرا نەکرد و بەیاننامەکانیان سەبارەت بە کۆبوونەوەکە سادە و کەم بوون.
سوپای ئەمەریکا لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بە ماوەی کۆبوونەوەکەدا بەڵام وردەکارییەکانی لەسەر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ئاشکرا نەکرد و وتی گفتوگۆکان لەسەر " کەمکردنەوەی مەترسییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەکان بوون."
دەزگای هەواڵی ئاڕ ئای ئەی ڕوسی بڵاویکردەوە گفتوگۆکان لەسەر کەمکردنەوەی مەترسیەکان بوون.
جێی ئاماژەیە ڕوسیا و ئەمەریکا زۆرجار بەرژەوەندییە سەربازییەکانیان لە وڵاتانی سەرانسەری جیهاندا جیاوازە، لەوانەش سوریا، بەڵام هێشتا ڕوون نیە ئەمەریکا و ڕوسیا هەنگاوی دواتریان سەبارەت بە ئەفغانستان چی دەبێت.
کۆنگرێسی ئەمەریکا بەردەوام فشار دەخاتە سەر سوپای وڵاتەکە تاوەکو ستراتیژییەک بخاتەڕوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر لە ئەفغانستان.
لەلایەکی دیکەشەوە سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن دەڵێت مۆسکۆ پێویستی بەوەیە کار لەگەڵ حکومەتی تاڵیباندا بکات و وڵاتانی جیهان دەبێت بیر لەوە بکەنەوە سەرمایە سڕکراوەکانی ئەفغانستان بدەنەوە بەو وڵاتە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا