کۆشکی سپی وتی ڕاوێژکارانی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن لەپەیوەندییەکی تەلەفونیدا تاوتوێی چۆنێتی سازکردنی کۆبوونەوەیەکیان کردووە لەنێوان دوو سەرۆکەکەدا و " بەردەوام " دەبن لە تاوتوێکردنی بابەتەکە.
هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ پوتن پێشنیاری ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی کرد لە وڵاتی سێیەم، ئەوەش بە مەبەستی هێورکردنەوەی گرژییەکان لە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەدا کە گەیشتۆتە نزمترین ئاستیەوە.
لەلای خۆیانەوە فینلەندا و نەمسا ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ میوانداریکردنی کۆبوونەوەیەکی لەوشێوەیە، لەلایەکی دیکەوە مۆسکۆ پێشوازی لە کۆبوونەوەکە کرد.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان و سکرتێری گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕوسیا نیکۆلای باترۆچیڤ لەڕێی تەلەفونەوە قسەیان کردووە.
کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا وتی " لەگەڵ تاوتوێکردنی کۆمەڵێک بابەتی دیکەی پەیوەست بە پەیوەندییە دوو قۆڵیەکان و بابەتە ناوچەیی جیهانیەکانەوە، باسیان لە ئەگەری ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک کردووە لەنێوان سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆکی ڕوسیادا، بڕیارییانداوە لەوبارەیەوە لە پەیوەندییدا بمێننەوە."
لەلای خۆیەوە ئەنجومەنی ئاسایشی ڕوسیا لە بەیاننامەیەکدا وتی " باس لە ئامادەکارییەکان کراوە بۆ کۆبوونەوەکە " و هەروەها باس لە پێویستیی سەقامگیری ستراتیژیی و " پێشهاتەکانی بەرنامەی ناوەکی ئێران و کێشەی ناوەکی لە نیمچە دوورگەی کۆریا کراوە."
سەرچاوە/ فرانس پرێس