Accessibility links

سیناتۆرە کۆمارییەکانی ئەمەریکا دەڵێن پشتیوانی لە ڕێکەوتنە ناوەکییە نوێیەکەی ئێران ناکەن


49 سیناتۆر لە کۆی 50 سیناتۆرەکەی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا دەڵێن پشتیوانی لەو ڕێکەوتنە ناوەکییە نوێیەی نێوان زلهێزەکانی جیهان و ئێران ناکەن کە لە ئێستادا کاری لەسەر دەکرێت، کۆمارییەکان جەخت لە دژایەتی حیزبەکەیان دەکەنەوە بۆ هەوڵەکانی دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە، ئەمەش لەنێوەندی نیگەرانییەکاندا لەسەر شکستهێنانی گفتوگۆکان.

یاسادانەرانی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی سینات لە زاری هەواڵەکانەوە سەبارەت بە ڕێکەوتنێکی نوێی ناوەکی کە هێشتا ڕێکەوتن لەسەری نەکراوە و ڕووسیا دژایەتی دەکات، لە بەیاننامەیەکدا وتیان بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لەوانەیە بگەنە ڕێکەوتنێک لەگەڵ ئێراندا بۆ کەمکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران و کەمکردنەوەی کۆتوبەندەکانی سەر بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران.

سیناتۆرەکان لە بەیاننامەیەکدا بەڵێنیاندا هەرچی لە دەسەڵاتیاندا بێت ئەنجامی دەدەن تاوەکو ڕێگە بە ڕێکەوتنەکە نەدەن کە " بەتەواوەتی ڕێگە لە تواناکانی ئێران ناگرێت بۆ پەرەپێدانی چەکی ناوەکی " و کۆتوبەند ناخاتە سەر بەرنامە موشەکییە باڵیستیەکیەکەی و " ڕووبەڕووی پشتیوانییەکانی ئێران نابێتەوە لە تیرۆر."

تاران ڕەتی دەکاتەوە بەرنامە ناوەکییەکەی بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بێت.

سیناتۆری کۆمارییەکان ڕاند پۆڵ تەنها سیناتۆر بوو کە بەیاننامەکەی ڕۆژی دووشەممەی سیناتۆرەکانی کۆمارییەکانی ئەنجومەنی سیناتی واژۆ نەکرد. لە بەیاننامەیەکدا وتی " سەرکۆنەکردنی ڕێکەوتنێک کە هێشتا دروست نەبووە، سووربوونە لەسەر سەرکۆنەکردنی دیبلۆماسیەت خۆشی، هەڵوێستێکی باش نیە."

لە ساڵی 2015 دا سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا باراک ئۆباما و زلهێزەکانی جیهان ڕێکەوتنی ناوەکییان لەگەڵ ئێراندا واژۆ کرد، بەپێی ڕێکەوتنەکە چالاکییەکانی ئێران لە بەرنامە ناوەکییەکەیدا سنووردارکرا و لەبەرامبەریشدا سزا نێودەوڵەتیەکانی سەر تاران لابران. کۆمارییەکان لەو کاتەدا دژایەتی ڕێکەوتنەکەیان کرد و ژمارەیەکی زۆر لە دیموکراتەکانیش دژی بوون.

لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە کشایەوە و سەرجەم سزاکانی ئەمەریکای سەپاندەوە بەسەر تاراندا. ئێرانیش لەلای خۆیەوە بەرپرسیارێتیە سەرەکییەکانی لە ڕێکەوتنەکەدا پشتگوێ خست.

لە ئێستادا دیموکراتەکان لە هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و سیناتی ئەمەریکا زۆرینەن، بەوجۆرەش پێناچێت پشت بکەنە بایدن لە بابەتێکی گەورەی وەکو ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێراندا.

ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 لەسەر ئێرانی قورستر کرد پەرە بە ماددەکان بدات کە پێویستن بۆ دروستکردنی چەکی ناوەکی. دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو بایدن وەکو سەرۆکی ئەمەریکا دەستنیشانکرا، گفتوگۆکان بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنەکە دەستیان پێکردەوە.

وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی دووشەممە وتی ئەمەریکا پێویستە بڕیارێک لەسەر ڕێکەوتنەکە بدات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG