Accessibility links

حیزبی کۆمارییەکانی ئەمەریکا تاوتوێی دۆزینەوەی چارەیەک دەکات بۆ دەرچوون لە قەیرانە سیاسییەکەی


دوای ئەوەی دەسەڵات گواسترایەوە بۆ دیموکراتەکان، هەندێک لەو کۆمارییانەی کە هەوڵ دەدەن ساڵی داهاتوو کۆنتڕۆڵی کۆنگرێسی ئەمەریکا بکەنەوە، لە ناوخۆی حیزبەکەدا تاوتوێی پەیڕەوییەکانی حیزبەکەیان دەکەن تاوەکو ئەو بژاردەیە یەکلایی بکەنەوە کە ئایا سیاسەتەکانی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ پەیڕەو بکەن یاخود دووریبخەنەوە.

دوای تێپەڕبوونی سەد ڕۆژ لە ڕادەستکردنی دەسەڵات لە ترامپی کۆمارییەوە بۆ جۆو بایدنی دیموکرات، هەفتەی ڕابردوو ئەندامانی کۆمارییەکان لە کۆنگرێسی ئەمەریکا کۆبوونەوەی داخراوییان لە بنکەی حیزبەکەیان لە فلۆریدا ئەنجامدا، ئەوەش لە هەوڵێکدا بۆ دوورخستنەوەی کەسایەتیە توندڕەوەکان لە کۆنگرەکەیاندا و تیشک خستنەسەر سیاسەتەکانی حیزبەکە کە پێیان وایە دەتوانێت دەنگدەران بەلای خۆیدا ڕاکێشێت.

حیزبی کۆمارییەکان هەوڵی دۆزینەوەی ئاڕاستەیەک دەدات تاوەکو لەو قەیرانە سیاسییە دەرچێت کە تێیکەوتووە و ئەوەش وەکو ئامادەکارییەکە بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2022 و دواتریش بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە ساڵی 2024 دا.

سەرەڕای ئەوەی زۆرێک لە بەرپرسانی حیزبی کۆمارییەکان ئارەزووی ئەوەیان هەیە دەستبەرداری گوتاری دژ بە کۆچبەران بن، هێشتا زۆرێک لە کۆمارییەکان پێیان وایە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕابەری ڕاستەقینەی حیزبەکەیە.

هەفتەی ڕابردوو ترامپ بە تۆڕی هەواڵی فۆکس نیوزی وت " بەجددیی " بیر لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆکایەتی دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بایدن یاخود هەر کاندیدێکی دیکەی دیموکراتەکان لە ساڵی 2024 دا.

دانەرانی ستراتیژییەکانی حیزبی کۆمارییەکان و نوێنەرانی حیزبەکە دان بەوەدا دەنێن کە هەوڵی ئەوە دەدەن هەڵبژێرن لە نێوان ترامپ و کەسایەتیەکی دیکەدا کە بتوانێت بیانگەڕێنێتەوە سەر دەسەڵات.

ڕاوێژکاری حیزبی کۆمارییەکان لە تێکساس مات ماکۆڤیاک ڕۆژی هەینی بە فرانس پرێسی وت " هەر حیزبێک لە هەڵبژاردنەکاندا بدۆڕێت ئەوا بۆ ماوەیەک دەکەوێتە قەیرانەوە."

وتیشی " ئەوەش ڕەنگدانەوەی نەبوونی یەک ڕابەرە." وتی " بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە جیاوازە ئەوەیە یەک ڕابەرمان هەیە ئەویش ترامپە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG