Accessibility links

ئەمەریکا 11 هاووڵاتی خۆی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریاوە دەگەڕێنێتەوە


وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ماثیو میڵەر ڕایگەیاند ئەمەریکا 11 هاووڵاتی ئەمەریکایی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریاوە گەڕاندووەتەوە، لە نێو ئەو 11 کەسەدا 5 هەرزەکارییان تێدایە. وتیشی ئەمەریکا کار ئاسانی کردووە بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی کەنەدا و فینلەندا و هۆڵەنداش. ئەمەش بە گەورەترین گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی ئەمەریکایی دادەنرێت تاوەکو ئێستا.

وەزارەتەکە وتیشی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەم هەوڵەیدا لە نزیکەوە هەماهەنگی کردووە لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە نێو دەزگاکاندا، هەروەها سوپاسی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی و گومرگی ئەمەریکا و پاراستنی سنوور و دەزگای ڕەگەزنامە و کۆچی ئەمەریکا و وەزارەتی بەرگری و داد و تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکانی کرد لەسەر یارمەتییەکانییان.

وتیشی نزیکەی 30,000 کەس لە زیاتر لە 60 وڵاتی دەرەوەی سوریاوە هێشتا لە کامپی ئاوارەکانی ئەل هۆل و ڕۆژن لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، زۆربەیان منداڵن. لە کاتێکدا کە حکومەتەکان لە هەوڵی گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانیاندان، داوای نواندنی نەرمی دەکەین بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی خێزانەکان پێکەوە بمێننەوە.

وتیشی تەنها چارەسەریی بەردەوام بۆ قەیرانە مرۆیی و ئاسایشییەکان لە کامپی ئاوارەکان و ناوەندەکانی گرتن لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەوەیە کە وڵاتان هاووڵاتییانیان بگەڕێننەوە و یەکیانبخەنەوە و ئەگەر بکرێت لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکەن لەسەر هەر کارێکی هەڵە کە ئەنجامییان دابێت. ئەمەریکا پابەندە بە یارمەتیدانی ئەو وڵاتانەوە کە هەوڵی گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانییان دەدەن لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەروەها بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، بە دووبارە نیشتەجێکردنیشەوە، بۆ ئەو کەسانەی کە ناتوانن جارێکی دیکە بگەڕێنەوە بۆ کۆمەڵگەکانیان یاخود بۆ وڵاتانی خۆیان.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتیشی لە چوارچێوەی ئەم ئەرکەدا، ئەمەریکا کار ئاسانیشی کردووە بۆ گەڕاندنەوەی شەش هاووڵاتی کەنەدی، چوار هاوڵاتی هۆڵەندی و هاووڵاتییەکی فینلەندیش، لە نێویاندا هەشت منداڵ هەن. سوپاسی ئەو حکومەتانە دەکەین بۆ هاوبەشییەکەیان و ستایشییان دەکەین لە دەرخستنی سەرکردایەتیدا لە گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانیان بۆ وڵاتانی خۆیان. سوپاسی حکومەتی کوەیتیش دەکەین بۆ پشتیوانییەکانی، هەروەها سوپاسی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکەین بۆ یارمەتییەکەیان.

جگە لەوەی کە ئەمە ئەرکێکی مرۆیی بووە، بوونی هەرزەکاران لە نێو ئەندامانی ئێستا و پێشووی ڕێکخراوی داعشدا لەو کامپانە هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ئاسایشی جیهان، لەو کامپانەشدا هێشتا منداڵان بەردەوام لە دایک دەبن، هەروەها بە شوێنی لە دایکبوونی تیرۆریستان ناودەبرێن، لەبەرئەوە ئەمەریکا هەوڵ دەدات وڵاتانی دیکەش یارمەتیدەر بن لە کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە کامپەکاندان، ئەوەش لە ڕێی گەڕاندنەوەیانەوە بۆ وڵاتانی خۆیان.

جێگری هەماهەنگیکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، ئییان مۆس، دەڵێت " هەتاوەکو زیاتر لەوێ بەجێیان بهێڵین، لاوازتر دەبن لەبەردەم توندڕەوکردنییان و مامەڵەیان لەگەڵ توندڕەواندا. ئەوان لاوازن، بە دڵنیاییەوە ئەم منداڵانە لاوازن."

بەڵام گەڕاندنەوەی ئەو کەسانە و دووبارە نیشتەجێکردنییان دەکرێت شتێک بێت کە هەمووان ڕازی نەبن پێی. زۆرێک لە وڵاتان دوودڵن یاخود نایانەوێت ڕێگە بدەن ئەو کەسانەی کە لەو کامپانەدا بوون بگەڕێنەوە، ئەوەش لە ترسی ئەوەی کە دەڵێن ڕەنگە تیرۆریست بگەڕێننەوە.

هەندێک لەوانەی کە دەگەڕێندرێنەوە ڕووبەڕووی لێپێچینەوە و زیندانی دەبنەوە. لە ڕاستیدا لە کۆی ئەو 40 ئەمەریکاییەی کە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا لە کامپەکانی سوریاوە گەڕێندراونەتەوە بۆ ئەمەریکا، لانیکەم 14 کەسییان دادگاییکراون، ئەوەش بەهۆی تێوەگلانییانەوە لەگەڵ ڕێکخراوی داعشدا.

XS
SM
MD
LG