Accessibility links

سەرۆک ترامپ بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پشتیوانی لە هەنگاوەکانی سعودیە لە بەرامبەر قەتەر دەکات


سەرۆکی ئەمەریکا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پشتیوانی لەو هەنگاوانەی عەرەبستانی سعودیـیە و چەند وڵاتێـکی دیکەی عەرەبی کرد کە لە بەرامبەر قەتەر ناویانە و پەیوەندیـیەکانیان لەگەڵدا بڕیوە.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ سێشەممە لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی" لەم سەردانەی دوایـیم بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باسم لەوە کرد چیتر ناکرێت کۆمەکی بیروباوەڕی توندڕەوی بکرێت. ڕێبەران پەنجەیان بۆ قەتەر درێژکرد."

پاشان نووسیویەتی" زۆر باشە ببینین سەردانەکەمان بۆ عەرەبستانی سعودیـیە و کۆبوونەوەمان لەگەڵ شای سعودیـیە و ڕێبەرانی 50 وڵاتی دیکە ئەنجامی هەیە. گوتیان هەنگاوێکی قورس دەنێن بۆ ڕاگرتنی ئەو کۆمەککردنە."

دواتر نووسیویەتی" هەموو نیشانەکان ئاماژە بۆ قەتەر دەکەن. بەڵکو ئەمە سەرەتایەک بێت بۆ کۆتایی هێنان بە مۆتەکەی تێرۆرزم."

ڕۆژی دووشەممە 7 وڵات لەوانە سعودیـیە، ئیمارات، بەحرەین، میسر بڕیاریان دا پەیوەندیـیەکانیان لەگەڵ قەتەر ببڕن، دەڵێن ئەم وڵاتەی کەنداو کۆمەکی گروپە توندڕەو و تێرۆرستیـیەکان دەکات.

سعودیـیە لە بەیانـنامەیەکدا گوتی ئەو بڕیاریان داوە لە ئەنجامی ئەو پـێشێلکاریـیە گەورانەی دەسەڵاتدارانی دۆحە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو بە ئاشکرا و نهێنی کردوویانە بۆ دروستکردنی کەلێن لە ناوخۆی سعودیـیە و هاندان بۆ یاخیبوون لە دەوڵەت و هەروەها دڵدەدانی گروپە تێرۆرستی و ئاینزایـیەکانی دەیانەوێت سەقامگیری ناوچەکە تێکبدەن، لەوانە گروپی ئیخوان ئەلموسلیمین و داعش و قاعیدە.

ئەمڕۆ سێشەممەش عادل ئەلجوبێر وەزیری دەرەوەی سعودیـیە ڕایگەیاند دەبێت قەتەر وازبهێنێت لە پشتیوانیکردنی گروپەکانی وەکو حەماس و ئیخوان ئەلموسلیمین.

XS
SM
MD
LG