Accessibility links

ئەمەریکا خەڵاتەکەی بۆ زانینی شوێنی ڕێبەرێکی قاعیدە دوو هێندە لێدەکات


ئەمەریکا خەڵاتەکەی بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی ڕێبەری قاعیدە لە نیمچە دورگەی عەرەب دوو هێندە لێکرد، دەڵێت هەر کەسێک زانیاری بدات لە بارەی شوێنی قاسم ئەلڕیمی ئەوا لە بری 5 ملیۆن دۆلار 10 ملیۆن دۆلار خەڵات دەکرێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕایگەیاندنێکدا لەسەر ماڵپەڕەکەی ئەمەی ڕاگەیاند و نووسیویەتی ئەلڕیمی لە مانگی شەشی ساڵی 2015 بووە بە ئەمیری ئەم گروپە تێرۆرستیە و پاش مانگێک بەیعەتی خۆی بۆ ئەیمەن ئەلزەواهری ڕێبەری قاعیدە ڕاگەیاندووە و داوایکردووە سەرلەنوێ هێرشبکرێتەوە سەر ئەمەریکا.

ناوبراو تەمەنی 40 ساڵە و لە یەمەن لەدایکبووە و لە ساڵانی نەوەدەکاندا لە ئەفغانستان ڕاهێنانی بە تێرۆرستان کردبوو. پاشان گەڕاوەتەوە یەمەن تاوەکو ڕێبەرایەتی باڵی قاعیدە لەوێ بکات. ساڵی 2005 سزای زیندانی درا بە تۆمەتی پـلاندانان بۆ کوشتنی باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ یەمەن، بەڵام لە ساڵی 2006 لە زیندان هەڵهات. لە ساڵی 2010 وە خراوەتە لیستی ئەو تێرۆرستانەی ئەمەریکا بڕیاری دەستگیرکردنیانی داوە.

هەروەها وەزارەتی دەرەوە لە ڕاگەیاندنەکەی بڕیاری داوە 5 ملیۆن دۆلار خەڵات بدات بە هەر کەسێکیش زانیاری بدات لەسەر شوێنی خالد سەعید ئەلباتەرفی کە ئەویش یەکێکە لە ڕێبەرانی گروپی قاعیدە لە نیمچە دورگەی عەرەب.

ئەلباتەرفی لە دایکبووی سعودیـیەیە و لە ساڵی 1999 چوو بۆ ئەفغانستان و لەوێ لە کەمپی فارووقی قاعیدە مەشق و ڕاهێنانی پـێکرابوو و لە ساڵی 2001 لە پاڵ تاڵیبان لە دژی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی شەڕی کردبوو. پاشان لە ساڵی 2010 ڕووی لە یەمەن کردووە و پەیوەندی بە گروپی قاعیدە لە نیمچە دورگەی عەرەب کردووە.

XS
SM
MD
LG