Accessibility links

ئەمەریکا تۆڕێکی ئێرانی ڕوسی دەکاتە ئامانج کە نەوت دەگوازنەوە بۆ سوریا


وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ستیڤن منوچن
وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ستیڤن منوچن

ئەمەریکا ڕایگەیاند سزای سەپاندووە بەسەر شەش کەس و سێ لایەندا بە ئامانجی لەناوبردنی ئەو تۆڕە ئێرانیە ڕوسییەی کە ملیۆنان بەرمیل نەوت بۆ حکومەتی سوریا دابین دەکەن و کۆمەکی هەردوو گروپی چەکداری حەماس و حیزبوڵا دەکەن.

بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن ڕوسیا گەیاندنی نەوتی لە ئێرانەوە بۆ سوریا ئاسان کردووە و کۆمەڵێک ڕێگەی جیاوازی بەکارهێناوە بۆ شاردنەوەی بارە نەوتەکان و ئەو پارەیەی کە دراوە لەبەرامبەر نەوتەکەدا.

وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ستیڤن منوچن لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەمڕۆ دژی پلانە ئاڵۆزەکانی ئێران و ڕوسیا دەجوڵێین کە پشتیوانی لە ڕژێمی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد دەکەن و پارە بۆ چالاکییە خراپەکانی ئێران دابین دەکەن."

وتیشی " بەرپرسانی بانکی ناوەندی ئێران بەردەوامن لە سوود وەرگرتن لە سیستمی پارەی جیهانی."

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی کۆمەڵێک کەس و لایەن سزایان بەسەردا سەپێندراوە لەوانەش محەمەد عامر شوەیکی و کۆمپانیاکەی ڤەیگن گروپ و بنکەکەی لە ڕوسیا.

وەزارەتەکە وتیشی ئامانجەکانی دیکە هاوڵاتی سوریی حاج عەبدول ناسڕ و هاوڵاتی لوبنانی محەمەد قاسم بەزال و هاوڵاتی ڕوسیا ئاندرییە دوگاییڤ و دوو هاوڵاتی ئێرانی بە ناوەکانی ڕەسوڵ سەجاد و حسێن یەعقوب میابنن.

ئەم سزایانەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا بۆ سەر کەس و لایەنەکان وادەکات دووریان بخاتەوە لە سیستمی پارەی جیهانی و هەموو حسابەکانیان سڕ دەکات، هۆشیاریش دەداتە هەموو ئەو دامەزراوانەی کە مامەڵە لەگەڵ ئەو کەس و لایەنانەدا دەکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG