Accessibility links

سەرچاوەکان: ئەمەریکا سزای زیاتر بۆ سەر دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندەکانی ڕووسیا ئامادە دەکات


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن و ئالیشەر ئوسمانۆڤ
سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن و ئالیشەر ئوسمانۆڤ

دوو سەرچاوەی نزیک لە بابەتەکەوە وتیان ئەمەریکا کۆمەڵێک سزای دیکە ئامادە دەکات کە دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندەکانی ڕووسیا و کۆمپانیا و سەرمایەکانیان دەکاتە ئامانج.

یەکێک لە سەرچاوەکان وتی هەندێک لە سزاکان لەوانەیە لەم هەفتەیەدا ڕابگەیەندرێن، وتیشی وردەکارییەکان هێشتا کارییان لەسەر دەکرێت. سەرچاوەکە وتیشی واشنتن سزای دیکەش ئامادە دەکات بۆ سەپاندنیان بەسەر بەرپرسانی دیکەی نزیک لە پوتنەوە.

واشنتن چەند جارێک جەختی لەوە کردۆتەوە ئامادەیە بۆ سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر دەوڵەمەندەکانی ڕووسیادا. وەزارەتی دادی ئەمەریکا هێزێکی کاری پێکهێنا کە بە " کلیپتۆکاپچەر " ناسراوە و ئامانج لێی زیان گەیاندنە بە دارایی دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندەکانی ڕووسیا.

تاوەکو ئێستا ئەمەریکا کۆمەڵێک سزای سەپاندووە بەسەر ڕووسیادا، سزاکانیش پوتن و بانکی ناوەندی ڕووسیایان گرتۆتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ڕووسیا داگیرکارییەکەی دژی ئۆکرانیا دەستپێکرد.

بۆ یەکەم جار ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بوو کە بڵاویکردەوە ئەمەریکا ئامادەکاری دەکات بۆ زیادکردنی سزاکانی سەر دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندەکانی ڕووسیا، وتی هەندێک لەو کەسانەی کە ئەمەریکا بەنیازە سزایان بەسەردا بسەپێنێت لە لیستەکەی یەکێتی ئەوروپاشدا هەن کە پێشتر یەکێتیەکە سزای بەسەردا سەپاندوون، لەوانەش ئالیشەر ئوسمانۆڤ کە خاوەنی کۆمپانیایەکی گەورەی ئاسن و پۆڵایە.

ڕۆژی دووشەممە یەکێتی ئەوروپا سزای بەسەر 26 کەسایەتی دیاری ڕووسیدا سەپاند، دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندەکان و خاوەن کارەکانی بواری نەوت و کەرتەکانی بانک و داراییان کردە ئامانج.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG