Accessibility links

ئەمەریکا خەڵات دەستنیشاندەکات بۆ هەر کەسێک زانیاری بدات لەسەر شوێنی سێ سەرکردەی پەکەکە


ئەمەریکا خەڵاتی دەستنیشانکردووە بۆ هەر کەسێک زانیاری بدات لەسەر شوێنی سێ سەرکردەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا دەڵێت خەڵات دارایی دەدرێت بۆ ئەو کەسەی زانیاری لەسەر شوێنی ئەم سەرکردانەی پەکەکە بدات، ئەوانیش موردا قەرەیڵان (هەتا 5 ملیۆن دۆلار)، جەمیل بایک(هەتا 4 ملیۆن دۆلار)، دوران کاڵکان(هەتا 3 ملیۆن دۆلار).

ڕاگەیاندنەکە دەڵێت پەکەکە کاری تێرۆرستی کردووە و ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراوی تەقاندووە و لە ساڵی 1993، 19 گەشتیاری ڕفاندووە کە یەکێکیان ئەمەریکایی بووە و لە ساڵی 1995 دوو ئەمەریکایی بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی پەکەکە برینداربوون.

پاشان دەڵێت پەکەکە لە هەردوو ساڵی 2015 و 2016 پەرەی بە هێرشەکانی لە سەرانسەری تورکیا و شوێنە سیڤیلیـیەکان و گەشتیاریـیەکانی سەر هەردوو دەریای ئیجە و ناوەڕاست داوە. لە مانگی هەشتی ساڵی 2016 پەکەکە ئیدیعای کردووە ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراوی لە بارەگای پـۆلیسی شیرناخ تەقاندووە و لە ئاکامدا 11 کەس کوژراون و زیاتر لە 70 کەسی دیکە برینداربوون. لە مانگی شەشی ساڵی 2017 پەکەکە هێرشی کردووەتە سەر کاروانێکی لەشکری لە باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا و بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 20 سەرباز. لەوەتای ساڵی 2015 پەکەکە بەرپـرسیاربووە لە کوژرانی زیاتر لە 1200 لە کارمەندانی ئاسایش و کەسی سیڤیلی تورکی.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ساڵی 1997 وە پەکەکەی وەک ڕێکخراوێکی تێرۆرستی بیانی ناودێرکردووە.

XS
SM
MD
LG