ئەمەریکا و فیلیپین ڕۆژی دووشەممە مەشقە سەربازییە هاوبەشەکانی نێوان سوپاکانیان دەستپێکرد، ئەوەش بە مەبەستی پتەوکردنی تواناکانی فیلیپینی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بۆ بەرگریکردن و پاراستنی ناوچەکانی دژی هەڕەشە دەرەکییەکان.
مەشقەکە دوای ئەوە دێت سەرۆکی فیلیپین فێردیناند مارکۆس جونیەر مانگی ڕابردوو بڕیاریدا دەستڕاگەیشتنی ئەمەریکا بە بنکە سەربازییەکانی وڵاتەکە زیاتر بکات، ئەم بڕیارەش بووە هۆی توڕەبوونی چین، ئەوەش بەهۆی ئەوەوە کە فیلیپین خاڵی ڕاگری ڕکابەرێتییە جیۆسیاسییەکەی نێوان ئەمەریکا و چینە.
زیاتر لە 3000 سەربازی فیلیپینی و ئەمەریکی بەشداری مەشقە ساڵانەییە سێ هەفتەییەکەدا دەکەن کە بە سالاکنیب ناسراوە، مەشقەکە تەقەکردنی تێدا دەبێت بە چەکی بچووک و تۆپهاوێژ و هاوەن، هەروەها پڕۆژەی بیناسازیشی تێدا دەبێت.
سەرکردەی سوپای فیلیپین جەنەڕاڵ ڕۆمیۆ براونەر لە دەستپێکی مەراسیمی کردنەوەی مەشقەکەدا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " سیناریۆکان بریتی دەبن لە بەرگریکردن لە دوورگەکانی فیلیپین دژی دوژمنکارە بیانییەکان."
وتیشی " لەبەر ئەوەی کە ئەمە مەشقێکە لە نێوان سوپاکاندا، ئێمە سەنگ دەخەینە سەر ئۆپەراسیۆنەکانی بەرگریکردنی وەکو بەرگری ئاسمانی و بەرگری وشکانیش."
زۆربەی چالاکییەکان لە فۆرت ماگسایسای دەبێت کە گەورەترین بنکەی سەربازی فیلیپینە و یەکێکیشە لەو پێنج بنکەیەی کە ئەمەریکا بەپێی ڕێککەوتنی پتەوکردنی هاوکارییە بەرگرییەکان لەگەڵ فیلیپیندا دەتوانێت دەستی پێی بگات. بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، ئەمەریکا دەتوانێت ئەو بنکانە بۆ مەشقی هاوبەش و دانانی پێشوەختی کەلوپەلەکان و دروستکردنی دامەزراوەکانی وەکو کۆگای سوتەمەنی و نیشتەجێکردنی سەربازیی و ڕێڕەوی فڕین بەکاربهێنێت، بەڵام ناتوانێت بە شێوەیەکی هەمیشەیی لە بنکەکاندا بمێنێتەوە.
چین ڕەخنەی توندی لە فراوانکردنی ڕێککەوتنەکە گرتووە، دەڵێت " بەشێکە لە هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ گەمارۆدان و کۆنتڕۆڵکردنی چین لە ڕێی هاوپەیمانییە سەربازییەکەیەوە لەگەڵ ئەم وڵاتەدا."
ڕۆژی یەکشەممە باڵیۆزخانەی چین لە مانیلای پایتەختی فیلیپین وتی " بە ئەنجامدانی ئەم کارانە، ئەمەریکا نەک تەنها گرژییەکانی زیاتر کردووە، بەڵکو دووبەرەکی خستۆتە نێوان چین و فیلیپینەوە، هەروەها هەوڵە هاوبەشەکانی دوو وڵاتەکەی بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری دەریای باشووری چین تێکداوە."
تاوەکو ئێستا فیلیپین ئاماژەی بەو بنکە سەربازییانەی دیکە نەداوە کە ئەمەریکا دەتوانێت دەستی پێیان بگات، بەڵام سەرکردەیەکی سەربازی پێشووی فیلیپین وتی ئەو بنکانە بنکەکانی دورگەی لوزۆن و دورگەی پالاوان لە باشووری ڕۆژئاوای فیلیپین دەگرێتەوە، دورگەی لۆزن ڕووی لە باکوورە بەرەو ئاڕاستەی تایوان، دورگەی پالاوانیش لە نزیک دوورگە جێناکۆکی لەسەرەکانی سپراتلییەوەیە لە دەریای باشووری چیندا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەر