Accessibility links

ئەمەریکا یارمەتی فلپین دەدات لە شەڕی دژی چەکدارانی سەر بە داعش


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت وڵاتەکەی یارمەتی لەشکری فلپین دەدات لە شەڕی دژی چەکدارانی سەر بە داعش کە لە ئێستادا گەمارۆی شاری ماراویی باشوری فلپـینیان داوە.

ڕێکس تیلەرسن ئەمڕۆ دووشەممە لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆنگرەی ئاسایشی وڵاتانی ئاسیا کە لە مانێلای پایتەختی فلیپین سازدەکرێت، گوتی ئەمەریکا جگە لەوەی مەشق و ڕاهێنان بە هێزی فلپینی دەکات، هەروەها زانیاری هەواڵگری دەداتێ و لەگەڵ ئەوانەشدا چەند فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان و فڕۆکەی جۆری سیسنای پـێداوە.

گوتیشی یارمەتی فلپین دەدەن لە دژی دوژمنێـک کە بە شێوەیەک شەڕ دەکات زۆربەی خەڵکی هەرگیز پـێشتر دوژمنی لەو شێوەیەیان نەدیوە.

پاشان گوتی لەو بڕوایەدان هێزەکانی فلپین نزیکبوونەتەوە لە کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، بەڵام جەختی لەوە کرد کە دەبێت لە پاش تەواوبوونی شەڕەکان کاربکرێت بۆ ئەوەی جارێـکی دیکە لەو ناوچەیە ئەمە سەر هەڵنەداتەوە.

جێی ئاماژەیە زیاتر لە دوو مانگە چەکدارانی سەر بە داعش چەند بەشێـکی شاری ماراوی زۆرینە موسڵمانیان داگیرکردووە و هەتا ئێستا نزیکەی 700 کەس کوژراون و زیاتر لە 400 هەزار کەس بەهۆی شەڕەکانەوە ئاوارە بوون.

XS
SM
MD
LG