Accessibility links

جەبار یاوەر: ئەمەریکا مانگانە موچەی 36 هەزار پێشمەرگە دەدات


ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، ئاماژەبەوەدەکات حکومەتی ئەمەریکا مانگانە موچەی 36 هەزار پێشمەرگە دابین دەکات، هۆکاری ئەمەش بۆ بەشداری کردنی پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا دەگێڕێتەوە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم، دەڵێت"ئەمەریکا و وڵاتانی هاوپەیمان، لەڕووی ناردنی ڕاوێژکار و مەشقپێکردنی پێشمەرگە و ناردنی چەک و تەقەمەنیەوە، هاوکاری زۆری پێشمەرگەیان کردووە."

جەختیکردەوە"یارمەتیەکانی ئەمەریکا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە زیاتربوون لە وڵاتانی تری هاوپەیمان، لەڕووی چەکدارکردن و هاوکاری ئاسمانی و دابینکردنی خۆراک، بە تایبەت ماوەی چەند ساڵێکە بڕێک بودجەشی بۆ موچەی هێزەکانی پیادەی پێشمەرگە تەرخانکردووە، کە ڕۆڵیان هەبووە لە شەڕی داعشدا."

سەبارەت بە بڕی ئەو بودجەیەی ئەمەریکا مانگانە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە تەرخانی دەکات، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، وتی"ئەمەریکا مانگانە نزیکەی بیست ملیۆن دۆلار بۆ موچەی نزیکەی 36 هەزار پێشمەرگە دابین دەکات."

جەبار یاوەر، ڕوونیشیکردەوە هیچ نوسراوێکی نەبینیووە سەبارەت بە مەرجی ئەمەریکا بۆ هاوکاریکردنی پێشمەرگە، باسیلەوەکرد پێشمەرگە چالاکانە شەڕی داعشی کردووە، حکومەتی هەرێمیش لەبەر قەیرانی دارایی، نەیتوانیووە مانگانە موچەکانیان بەشێوازێکی ڕێک و پێک دابین بکات، وتی"بۆیە حکومەتی ئەمەریکا بڕێک یارمەتی تەرخان کرد بۆ موچەی پێشمەرگە، تا هەرێم بتوانێت موچەی هەموو هێزەکانی پێشمەرگە بدات."

لەبەشێکی تری گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا،ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، ئاماژەی بەهەوڵەکان بۆ یەکگرتنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کرد، وتی"پرۆژەیەکی 36 خاڵی بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بە هاوکاری ڕاوێژکارانی ئەمەریکا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و هۆڵەندا هەیە، بەتایبەت بڕیاری یەکخستنەوەی پێشمەرگە بووەتە بڕیاری فەرمی حکومەتی هەرێم و بەشێکە لە یاسای چاکسازی."

سەبارەت بەو زانیاریانەی لە ئارادان، گوایە هێزەکانی 70 و 80 ی سەربە پارتی و یەکێتی، لەدەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە، لە شێوەی لیوا و یەکەی سەربازیدا رێکدەخرێنەوە و ناخرێنە سەر وەزارەت، جەبار یاوەر وتی"کۆبوونەوەی بەردەوام هەیە لەنێوان وەزارەت و هێزەکانی 70 و 80 تا میکانیزمێکی گونجاو بۆ یەکخستنەوەیان بدۆزرێتەوە، لەڕووی کارگێڕی و دارایی و فەرماندەییەوە."

لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، جەبار یاوەری ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، بێ ئاگایی خۆی لەو زانیاریانە دەربڕی، گوایە هاوپەیمانان نائومێدبوون لەوەی یەکێتی و پارتی ئیرادەی یەکگرتنەوەی پێشمەرگەیان هەبێت، وتی"من روونکردنەوەی هاوپەیمانانم لەو بارەیەوە نەبیستووە، مەگەر لەگەڵ وەزیری پێشمەرگەدا باسیان کردبێت، دەتوانن لەوەزیر خۆی بپرسن."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:38 0:00


XS
SM
MD
LG