وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە هەندێک میدیا بڵاویانکردووەتەوە ئەمەریکا یارمەتیـیەکانی بۆ هێزەکانی پـێشمەرگە ڕاگرتووە.
ئێرک باهۆن گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بۆ کاروباری فەرماندەیەتی ناوەند (سانتکۆم) لە چاوپـێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئەلحوڕڕە جەختی لەوە کرد سیاسەتی ئەوان لە بەرامبەر پـێشمەرگە نەگۆڕاوە و گوتی هێشتا وەزارەتەکەیان پارە بۆ هێزەکانی پـێشمەرگە دابین دەکات بە مەبەستی پـێدانی موچەکانیان و ئەنجامدانی بەرنامەکانی مەشق و ڕاهێنان، ئەمەش بە ڕەزامەندی حکومەتی ناوەندی عێراق.
ڕوونی کردەوە کە تاکە گۆڕانکاریەک کرابێت ئەوەیە لە بودجەی داهاتووی وەزارەتی بەرگری بڕی ئەو پارەیەی بۆ هێزە عێراقی و کوردیـیەکان تەرخان کراوە 290 ملیۆن دۆلارە، پـێشتر 365 ملیۆن دۆلار بوو. گوتیشی ئەمەش بەهۆی کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنە سەرەکیـیەکانی دژی داعش.