Accessibility links

پێنتاگۆن: هێرشە ئاسمانیەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان کاریگەرییان لەسەر تاڵیبان هەیە


وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا جۆن کیربی
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا جۆن کیربی

هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان کاریگەرییان لەسەر پێشڕەوییەکانی تاڵیبان هەیە، بەڵام بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ( پێنتاگۆن ) دەڵێن هێرشە ئاسمانیەکانی ئەمەریکا بەس نابن بۆ ڕێگەگرتن لە پێشڕەوییەکانی تاڵیبان.

ماوەی چەند هەفتەیەکە ئەمەریکا لە بنکە ئاسمانیەکەیەوە لە قەتەڕ و کەشتیە جەنگیەکانیەوە لە کەنداوی فارس هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر تاڵیبان.

بەڵام گومان هەبووە لەسەر کاریگەریی هێرشەکان، لەکاتێکدا بەرپرسانی تاڵیبان دەڵێن لە ماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردوودا حەوت پایتەختی هەرێمەکانیان کۆنتڕۆڵکردۆتەوە، ڕۆژی سێشەممەش لە تویتێکدا ڕایانگەیاند هەشتەمین پایتەختیان کۆنتڕۆڵکردۆتەوە کە ئەویش فەیزابادی پایتەختی هەرێمی باداخشانە.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا جۆن کیربی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئێمە زۆر دڵنیاین لەوەی ئەو هێرشانە ئەو شوێنانە دەپێکن کە نیشانەمان لێگرتوونەتەوە و کاریگەرییان لەسەر تاڵیبان هەیە." وتیشی لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا هێرشی ئاسمانی دیکەش ئەنجامدراوە.

کیربی دانیشی بەوەدانا کە هێرشە ئاسمانیەکانی ئەمەریکا بە تەنها بەس نین بۆ ڕێگریکردن لە پێشڕەوییەکانی چەکدارانی تاڵیبان.

وتی " هیچ کەس لێرە لە پێنتاگۆن نەیووتووە هێرشە ئاسمانیەکان سەرجەم کێشەکان و بارودۆخەکە چارەسەر دەکەن."

وتی " ئەوەی ئێمە وتوومانە ئەوەیە هێزەکانی ئەفغانستان لەتوانایاندا هەیە، توانای ئەوەیان هەیە و ژمارەشیان زیاترە، بەڕاستی لە کۆتاییدا دەکەوێتەوە سەر شانی سەرکردایەتی و خواستیان بۆ بەکارهێنانی ئەو توانایانە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG