Accessibility links

پێنس داوا لە یەکێتی ئەوروپا دەکات " نیازپاکانە " وتوێژ بکەن سەبارەت بە جیابوونەوەی بەڕیتانیا


جێگری سەرۆکی ئەمەریکا مایک پێنس لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ ئێرلەندا داوای لە یەکێتی ئەوروپا کرد " نیازپاکانە " وتوێژ لەگەڵ سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسندا بکەن و بگەن بە ڕێکەوتنێک سەبارەت بە جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا کە تیایدا ڕێز لە سەروەری بەڕیتانیا بگرێت.

لەکاتێکدا پێنس بەباشی گوێی لە پەیامەکەی سەرۆک وەزیری ئێرلەندا لیۆ ڤارادکار گرت کە وتی جیابوونەوەی بەڕیتانیا ئەو ڕێکەوتنە ئاشتیە لەناونابات کە لە ساڵی 1998 دا واژۆکراوە، پێنس پشتیوانی خۆی بۆ جۆنسن دەربڕی کە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بە گەرمی پێشوازی لێکرد.

پێنس لەمیانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ڤارادکار وتی " ئەمەریکا پشتیوانی لە بڕیارەکانی بەڕیتانیا دەکات سەبارەت بە جیابوونەوەی لە یەکێتی ئەوروپا، بەڵام دەشزانین کێشەکان زۆر هەستیارن لەسەر سنووری ئێوە، دەتوانم دڵنیایتان بدەمێ ئێمە هەمیشە هانی بەڕیتانیا و ئێرلەندا دەدەین هەر ڕێکەوتنێک لەنێوان بەڕیتانیا و یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە جیابوونەوەکە ڕێز لەو ڕێکەوتنە ئاشتیە بگرێت کە واژۆکراوە."

وتیشی " بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی جیابوونەوەکە، داوا لە ئێرلەندا و یەکێتی ئەوروپا دەکەین نیازپاکانە وتوێژ لەگەڵ سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسندا بکەن و پێکەوە کاربکەن بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێک کە تیایدا ڕێز لە سەروەری بەڕیتانیا بگرێت و سنوورێک بۆ پەککەوتنی بازرگانی دابنێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG