Accessibility links

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لەسەر ئێران ڕەخنە لە ئەوروپا دەگرێت

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا مایک پێنس
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا مایک پێنس

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا مایک پێنس لەمیانەی کۆنگرەی وارشۆدا سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر ئێران ڕەخنەی لە وڵاتانی ئەوروپا گرت و تۆمەتباری کردن بەوەی هەوڵدەدەن هەوڵەکانی ئەمەریکا لە دژی ئێران کەم بکەنەوە، ئەوەش لەڕێی شکاندنی سزاکانی ئەمەریکاوە بۆ سەر تاران.

پێنس لەمیانەی کۆنگرەی وارشۆدا ئەم لێدوانەیدا کە هەریەک لە ئیسڕائیل و شەش وڵاتی دیکەی عەرەبی لەنێو ئامادەبووانی کۆنگرەکە بوون. سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل کۆنگرەکەی بە خاڵێکی وەچەرخانی مێژوویی دژی ئێران ناودێرکرد. هەریەک لە فەڵەستین و ڕوسیا و ئێران بەشداریان لە کۆنگرەکە نەکرد.

پێنس وتی " هەندێک لە هاوبەشە ئەوروپییە سەرەکییەکانمان بەداخەوە هاوکار نەبوون، بەڵکو هەوڵیاندا سزاکانمان لەناوببەن."

جێی ئاماژەیە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ساڵی ڕابردوو لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران کشایەوە و هەموو سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا.

وڵاتانی ئەوروپا دەڵێن هەمان ترسی ئەمەریکایان هەیە سەبارەت بە ڕەفتارەکانی ئێران لە ناوچەکەدا بەڵام پێیان وایە کشانەوە لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە هەڵەبووە، هەروەها بەڵێنیشیاندا هەوڵ بدەن ڕێکەوتنەکە چاک بکەنەوە چونکە ئێران تا ئێستا پابەند بووە پێوەی. هەروەها بەشێوەیەکی ئاشکرا کۆمپانیا ئەمەریکی و ئەوروپییەکان سزاکانی ئەمەریکایان بۆ سەر ئێران قبوڵ کردووە و وەبەرهێنانەکانیان لە ئێران ڕاگرت.

پێنس داوای لە ئەوروپییەکان کرد هەمان هەنگاوی ئەمەریکا بنێن و لە ڕێکەوتنەکە بکشێنەوە. وتی " ئێستا کاتی ئەوەی هاوبەشە ئەوروپیەکانمان لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران بکشێنەوە و بێنە پاڵ ئێمە."

وتیشی " دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ ئاسانکردنی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا هەوڵێکە بۆ شکاندنی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ڕژێمی بکوژی ئێرانی."

وتیشی " ئەو هەوڵانەی ئەوروپا ژیرانە نین و یەکێتی ئەوروپا لاواز دەکەن و ئەمەریکا و ئەوروپا زیاتر لەیەکتر دووردەخەنەوە."

دیبلۆماتکارانی ئەوروپا لە کۆنگرەکەدا تۆمەتەکانی پێنسیان ڕەت کردەوە. دیبلۆماتکارێکی وڵاتێکی ئەوروپا دوای وتارەکەی پێنس وتی " بە توندی ئەوە ڕەت دەکەینەوە. دەمانەوێت فشار بخەینە سەر ئێران بە ئەنجامی ئەرێنییەوە. نامانەوێت وا لە ئێران بکەین پابەند نەبێت بە بەرپرسیارێتییەکانیەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

This item is part of
XS
SM
MD
LG