Accessibility links

ئەمەریکا گومانی هەیە لە هێزە ئاشتی پارێزەکانی ناو کازاخستان کە ڕوسیا ڕابەرایەتیان دەکات


کۆشکی سپی دەڵێت ئەمەریکا لەنزیکەوە چاودێری هەواڵەکان دەکات سەبارەت بە ڕەوانەکردنی هێزەکانی ئاشتی پارێزی ڕێکخراوی هاوپەیمانێتی سەربازیی پەیماننامەی ئاسایش بە ڕابەرایەتی ڕوسیا بۆ کازاخستان، دەشڵێت گومانی هەیە سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەو هێزانە بەشێوەیەکی یاسایی بانگهێشت کراونەتە وڵاتەکەوە یاخود نا.

توندوتیژییەکان لە شاری ئاڵماتی کازاخستان دەستیانپێکردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ڕوسیا بەخێرایی هێزی ڕەوانەی وڵاتەکە کرد تاوەکو یارمەتیدەر بن لە دامرکاندنەوەی خۆپیشاندانەکانی سەرانسەری کازاخستاندا.

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتیەکە بە دەزگای هەواڵی ئاڕ ئای ئەی ڕوسی وت هێزەکانی ئاشتی پارێز لە کازاخستان ژمارەیان نزیکەی 2500 سەربازە و ئەگەر پێویست بکات زیاد دەکرێن.

وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " لەنزیکەوە چاودێری هەواڵەکان دەکەین سەبارەت بە ڕەوانەکردنی هێزی ئاشتی پارێزی ڕێکخراوی هاوپەیمانێتی سەربازیی پەیماننامەی ئاسایش بۆ کازاخستان."

وتیشی " گومانمان هەیە سەبارەت بە سروشتی ئەم داوایە و لەسەر ئەوەش کە ئایا بەشێوەیەکی یاسایی بانگهێشتکراون یاخود نا. هێشتا لەم قۆناغەدا نازانین."

ئەوەشی خستەڕوو " ئەمەریکا چاودێری هەر پێشێلکارییەک دەکات لە مافەکانی مرۆڤ و هەر کارێک کە ببێتە هۆی گرتنی دامەزراوەکانی کازاخستان."

لە ماوەی ڕابردوودا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن سەبارەت بە باری نائاسایی لە کازاخستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە موختار تیلیوبەریدا قسەیکرد.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی " وەزیر جەختی لە پشتیوانی تەواوی ئەمەریکا کردۆتەوە بۆ دامەزراوە دەستوورییەکانی کازاخستان و ئازادی ڕاگەیاندنەکان و داوای ئاشتی و دۆزینەوەی چارەسەرێکی کردووە بۆ قەیرانەکان کە تیایدا ڕێز لە مافەکان بگیردرێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG