بەرپرسانی پێشووی ئەمەریکا دەڵێن کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە ئەفغانستان هاوکێشەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و پاکستانی گۆڕیوە، ئەمەریکای بەشێوەیەک لێکردووە کەمتر پشت بە پاکستان ببەستێت لەڕووی هاریکارییەکانی نێوانیانەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا کە لەمدواییانەدا ئەنجامدرا، وەزیری پێشووی بەرگری ئەمەریکا لیۆن پانێتا وتی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و پاکستان هەمیشە ئاڵۆز بووە.
پانێتا باسی ئەو کاتەی کرد کە لە ماوەی سەرۆکایەتی باراک ئۆبامادا وەکو بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا کاریکردووە و وتی " هەوڵماندا پەیوەندییەکی هاریکاریی لەگەڵ پاکستاندا دروست بکەین، بەتایبەتی لەو کاتەدا کە ئەل قاعیدە لە ناوچە خێڵاوییەکانی پاکستاندا بوونیان هەبوو. ئەگەر ئێمە لە شتەکان ئاگادارمان بکردنایەتەوە و بەردەوام بووینایە لەکارکردن لەگەڵیاندا، ئەوا ئەوانیش هاریکار دەبوون لەگەڵماندا."
پانێتا وتیشی لە هەمان کاتدا پاکستان پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕێکخراوە تیرۆریستیەکاندا پاراستووە و وەکو کارتێک دژی هیندستان بەکاریهێناوە، هەروەها پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ تاڵیبان و تۆڕی حەقانیدا هەبووە کە ئەمەریکا بە گروپێکی تیرۆریست ناساندوویەتی، ئەمەش هۆکارێکی دیکەیە بۆ نەبوونی متمانە لەنێوان ئەمەریکا و پاکستاندا.
بەڵام ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی پاکستان موئید یوسف هاوڕا نیە لەگەڵ ئەو هەڵسەنگاندنەدا و دەڵێت واشنتن و ئیسلامئاباد لە گفتوگۆیەکی ئەرێنیدان. وەکو نمونەیەکیش، باسی لە سەردانەکەی ئەمدواییەی جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ویندی شێرمان کرد بۆ پاکستان.
لەمدواییانەدا ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی پاکستان مویید یوسف بە دەنگی ئەمەریکای وت " هەندێک بێ متمانەیی هەیە کە دەبێت هەردوولا زاڵ بن بەسەریدا، هەوڵ دەدەین زاڵ بین بەسەریدا، هەر ئەوەش بوو هۆکاری سەردانەکەی شێرمان بۆ پاکستان. دوو وڵاتەکە بە هەماهەنگیەکی باشەوە لەنێوانیاندا بەرەو پێشەوە دەڕۆن. هیچ کێشەیەکی گەورەش لە ئارادا نیە."
پانێتا و ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن بۆڵتن بە دەنگی ئەمەریکایان وت نیگەرانن سەبارەت بە ئاسایشی چەکی ناوەکی پاکستان. هۆکارەکەشی دەگەڕێننەوە بۆ بوونی ڕێکخراوی داعشی خۆراسان و ئەل قاعیدە و تاڵیبانی پاکستان لە ئەفغانستان، هەروەها کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە.
بۆڵتن لە چاوپێکەوتنەکەی ئەمدواییەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا وتی " سەرکەوتنی تاڵیبان لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستاندا بیرۆکەی توندڕەویی لەنێو حکومەتی پاکستان و گروپی تەهریک ئی تاڵیبان پاکستان و تیرۆریستەکانی دیکەی ناو پاکستان بەهێزتر کرد."
بۆڵتن وتی " من نیگەرانی ئەوەم حکومەتی پاکستان بەمەبەست سیاسەتێک پەیڕەو بکات کە تیایدا چەکی ناوەکی بداتە تیرۆریستان یاخود ئەوانەی کە پارەیان هەیە و دەتوانن چەکە ناوەکییەکە بکڕن."
بۆڵتن پێی وایە " خاڵی سەرەکی لەمەدا ئەوەیە بوونی چەکی ناوەکی لە وڵاتێکی ناجێگیری وەکو پاکستاندا مەترسییەکانی ئەوەی ئەو چەکە ناوەکییە بکەوێتە دەستێکی هەڵەوە زیاتر دەکات."
وەزیری بەرگری پێشووی ئەمەریکا لیۆن پانێتا بە هەمان شێوە لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا باسی لە نیگەرانیەکی هاوشێوەی ئەوەی بۆڵتن کرد و وتی " کاتێک بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا بووم گەورەترین نیگەرانیمان ئەوە بوو کە ئاخۆ گروپە تیرۆریستیەکان دەتوانن لە پاکستان چەکی ناوەکییان دەست بکەوێت؟ هەمیشە باوەڕمان وابووە ئەو سیستمەی لە پاکستان هەیە بۆ پاراستنی چەکە ناوەکیەکانی، پارێزراو نیە."
لەلای خۆیەوە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی پاکستان مویید یوسف جەختی لەوە کردەوە هیچ هۆکارێک نیە بۆ نیگەران بوون سەبارەت بە ئاسایشی چەکە ناوەکییەکانی پاکستان.
وتی " چەکە ناوەکییەکانی پاکستان سوپاس بۆ خوا هەمیشە پارێزراو بوون و هەمیشە بە پارێزراویش دەمێننەوە، ئەگەر هەر کەسێکیش دەیەوێت لەسەر ئەوە خەو لە خۆی حەرام بکات، ئەوە بژاردەی خۆیەتی."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز