وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت دەستگیرکردنی سەرۆک وەزیرانی پێشووی پاکستان عیمران خان " بابەتێکی ناوخۆییە " و ڕەتی کردەوە هەڵوێست لەسەر کێشە یاساییەکانی خان وەربگرێت.
ڕۆژی شەممە پۆلیسی پاکستان لە لاهۆر عیمران خانی دەستگیرکرد و دادگایەک سزای سێ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند، ئەوەش بە تۆمەتی فرۆشتنی دیاریی دەوڵەت بە شێوەیەکی نایاسایی.
خان ڕەتی دەکاتەوە هیچ کارێکی هەڵەی کردبێت و دەڵێت حکومەت و سوپای پاکستان تۆمەتی ساختەیان خستۆتە پاڵی.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ماثیو میڵەر کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا ئەمەریکا پێی وایە خان دادپەروەرانە دادگایی کراوە، بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئێمە باوەڕمان وایە ئەوە بابەتێکی ناوخۆییە بۆ پاکستان."
میڵەر وتی " هەندێک کات دۆسییە هەن لە سەرانسەری جیهاندا کە ئەوەندە بێ بنەمان کە ئەمەریکا پێی وایە دەبێت قسەیەک لەسەر بابەتەکە بکات. بەڵام لێرەدا ئەو بڕیارەمان نەداوە."
خان سەرەتا ئاماژەی بەوەدا لێسەندنەوەی متمانە لێی لە دەنگدانێکی پەرلەمانی پاکستاندا لە ساڵی ڕابردوودا لەلایەن واشنتنەوە پشتیوانی لێکراوە و جەنەڕاڵە باڵاکانی پاکستان دایانڕشتووە. واشنتن و سوپای پاکستان هەردووکییان ئەوەیان ڕەت کردۆتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز