Accessibility links

ئەمەریکا بە توندی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان ڕەت دەکاتەوە


هێزەر ناوەرت گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا بە فەڕمی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستانی ڕەت کردەوە کە وابڕیارە لە 25 ی ئەم مانگەدا ساز بکرێت.

ئەمەش دەقی ڕاگەیاندراوەکەیە:

"ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەتوندی دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستانە کە وابڕیارە لە 25ی ئەیلولدا ئەنجام بدرێت، هەموو دراوسێکانی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دژی ئەم ڕیفراندۆمەن. ئەمەریکا هانی کوردەکانی عێراق دەدات ڕازی ببن بە بەدیلەکە، کە بریتیە لە گفتوگۆکردنی جددیی لەگەڵ حکومەتی ناوەنددا و ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو هاوبەشەکانی تریش پشتیوانی لە گفتوگۆکە و داهاتوویی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد دەکەن.

ئەگەر ئەم ڕیفراندۆمە ئەنجام بدرێت ئەوا ئەگەری گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدادا نامێنێت و پشتیوانیە نێودەوڵەتییەکانیش بۆ دانوستاندنەکان نامێنن.

باجی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم زۆر گەورە دەبێت بۆ تەواوی عێراقیەکان بە کوردەکانیشەوە. هەر لە ئێستاوە ڕیفراندۆم کاریگەرییەکی نەرێنی هەبووە لەسەر هەماهەنگی تێکشکاندنی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و لەناوبردنیان لەو شوێنانەی کە هێشتا لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەواندا ماون. بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەو شوێنانەی کە ناکۆکییان لەسەرە دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان و ناجێگیری لەو ناوچانەدا و داعش و گروپە تیرۆریستیەکانی تر دەیانەوێت سوود لەوە وەربگرن و لەبەرژوەندی خۆیان بەکاری بهێنن. بارودۆخی ئەو شوێنانەی ناکۆکییان لەسەرە و سنوورەکانی دەبێت بە ڕێگەی گفتوگۆکردن و بەپێی دەستووری عێراق چارەسەر بکرێت نەوەکوو بەشێوەی کرداری تاک لایەنە یان بەکارهێنانی هێز.

لەکۆتاییدا، ڕیفراندۆم لەوانەیە پەیوەندییە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان و یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان بە هەموو جۆرەکانییەوە بخاتە مەترسیەوە، هەرچەندە هیچ کام لە هاوبەشەکانی عێراق ناویانەوێت ئەمە ببینن. ئەمە بە سادەیی ڕاستی ئەم دۆخە جدییەیە. لەبەرامبەری ئەوەدا گفتوگۆکردنی جددی، بەدیلەکەی تر، کە هانی سەرکردەکانی کورد دەدەین ڕازی ببن لەسەری، بەڵێنی چارەسەری توڕەیی و نیگەرانییە یاساییەکانی کوردی هەڵگرتووە و ڕێڕەوێکی بەرهەمدار و نوێ دادەمەزرێنێت بۆ پەیوەندییەکانی بەغداد و هەولێر کە سوود بە هەموو خەڵکی عێراق دەگەیەنێت.

کورد دەتوانێت شانازی بەوەوە بکات کە تا ئێستا پڕۆسەی ڕیفراندۆم چی بەرهەم هێناوە، لەوانە یەکگرتوویی کورد و کاراکردنەوەی پەرلەمان کە بۆ ماوەی دوو ساڵە پەکی کەوتووە، هەروەها کێشە گرنگەکانی کوردی خستە سەر سەکۆی نێودەوڵەتی، هاوبەشەکان و هاوڕێکانی تریش لەسەر ئەو ڕۆحیەتەی کە بەهەماهەنگی و پێکەوەکارکردنی هێزەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگە بۆ شکستپێهێنانی داعش بەرهەم هات بتوانین کێشە گرنگەکانی تریش چارەسەر بکەین. بەداخەوە ڕیفراندۆمەکەی هەفتەی داهاتوو لەوانەیە ئەمە و زیاتریش بخاتە مەترسیەوە.

ڕیفراندۆم بۆ خۆی لەم کاتەدا پێویست نیە و بەدیلێکی تر لەلایەن ئەمەریکاوە ئامادەکراوە و دانیپێدانراوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پشتیوانی لەو بەدیلە دەکات. "

XS
SM
MD
LG