Accessibility links

ئەمەریکا: ئەمەریکا ناتوانێت بانگەشەکانی ڕووسیا بۆ بەکارهێنانی موشەکی دەنگبڕ لە ئۆکرانیا پشتڕاست بکاتەوە


بەرپرسێکی باڵای بەرگری ئەمەریکا وتی ئەمەریکا ناتوانێت بەشێوەیەکی سەربەخۆ بانگەشەکانی ڕووسیا لەسەر بەکارهێنانی موشەکی دەنگبڕ لە ئۆکرانیا ڕەت بکاتەوە یاخود پشتڕاستی بکاتەوە، بەڵام بەکارهێنانی ئەو جۆرە چەکانە لەڕووی سەربازییەوە مانایەکی وەهای نیە و پێدەچێت تەنها بۆ ئەوە بووبێت پەیامێک بگەیەنن.

ڕۆژی شەممە ڕووسیا ڕایگەیاند موشەکی دەنگبڕی کینژاڵی بەکارهێناوە بۆ لەناوبردنی کۆگای گەورەی چەک لە هەرێمی ئیڤانۆ فرانکیڤسکی ڕۆژئاوای ئۆکرانیا.

بەرپرسەکەی ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات بە ڕۆژنامەنووسانی وت " لەڕاستیدا تۆزێ سەرت لە بابەتەکە دەسوڕمێ، چونکە بەدیاریکراوی نازانیت بۆچی... ئەگەر ئەوە ڕاست بێت، بۆچی پێویستت بە موشەکی دەنگبڕ هەیە لەکاتێکدا ئەوەندە دوور نیت لەو بینایەوە کە دەتەوێت لێیبدەیت."

بەرپرسەکە وتی لەوانەیە ڕووسیا هەوڵی ئەوە بدات پەیامێک ئاڕاستەی ڕۆژئاوا و ئۆکرانیا بکات تاوەکو لە گفتوگۆکاندا وەکو کارتێکی فشار بەکاریبهێنێت. یاخود لەوانەیە پەنای بردبێتەبەر چەکە مەودا دوورەکانی بەهۆی ئەوەوە کە ئەمەریکا دەڵێت قورسایی هەیە لە گەیشتنی چەکە مەودا درێژە وردبینەکان بۆ هێزەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.

دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکس وتی یەکەمین جار بووە لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ڕووسیاوە بۆ سەر ئۆکرانیا ڕووسیا سیستمی کینژاڵی ڕەوانەی ئۆکرانیا بکات.

مۆسکۆ هەمیشە باسی لە چەکە پێشکەوتووەکانی کردووە، سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتنیش لە مانگی دوانزەدا وتی ڕووسیا پێشەنگە لە جیهاندا لە موشەکە دەنگبڕەکاندا، خێرایی و جوڵە و ئەو بەرزییەی موشەکە دەنگبڕەکان دەیگەنێ وادەکات چاودێریکردنیان یاخود شوێنکەوتنیان و بەرپەرچدانەوەیان قورس بێت.

بەڵام ئێستا داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا چووە چوارەمین هەفتەیەوە، پێشڕەوییەکانی هێزەکانی ڕووسیا لە زۆربەی بەرەکانەوە ڕاگیراون. مۆسکۆ شکستی هێناوە لە گرتنی شارە گەورەکانی ئۆکرانیادا، بەتایبەتی کیێڤ. هەروەها شکستی هێناوە لە هەوڵەکانیدا بۆ لابردنی حکومەتەکەی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لەسەر دەسەڵات.

هەزاران سەربازی ڕووسی و ئۆکرانی کوژراون، تانک و زریپۆشەکانی هێزە تۆپهاوێژەکانی ڕووسیاش زیانێکی گەورەیان بەرکەوتووە. تاوەکو ئێستا پێنج جەنەڕاڵی ڕووسی لە ئۆکرانیا کوژراون، کوژرانی فەرماندە باڵاکان بەوشێوەیە لە ماوەیەکی کورتدا هەرگیز لە مێژووی نوێی جەنگدا نەبیستراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG