ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەخنەی توندی لە ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون گرت لەسەر بەکارهێنانی " سەرکوتکاری و دڕندەیی " و فەرمانڕەواییەکی دیکتاتۆرییانە بۆ پەرەدان بە چەکی ئەتۆمی و موشەکی باڵیستیکی بە شێوەیەکی نایاسایی.
باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد بە ئەنجومەنی ئاسایشی وت " بەبێ مافەکانی مرۆڤ ئاشتیمان نابێت." ئەم دانیشتنەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2017 ەوە یەکەمین دانیشتنییەتی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە کۆریای باکوور.
لیندا تۆماس گرینفیڵد وتیشی " کۆنتڕۆڵکردنی سەرکوتکارانە و دیکتاتۆرییانەی کۆمەڵگە لەلایەن کیم جۆنگ ئونەوە و ڕەتکردنەوەی بەرچاوی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنچینەییەکان، دڵنیایی دەدات لەسەر ئەوەی کە ڕژێمەکە بتوانێت سەرچاوەی گشتی نائاسایی بەکاربهێنێت بۆ پەرەدان بە بەرنامە نایاساییەکانی چەک و موشەکی باڵیستیکی، بەبێ ناڕەزایەتی گشتی."
کۆریای باکوور چەندین جار تۆمەتەکانی پشێلکردنی مافەکانی مرۆڤی ڕەت کردووەتەوە و بەرپرسیارێتی قەیرانە مرۆییەکەی کۆریای باکووری خستۆتە ئەستۆی سزاکان. لە ساڵی 2006 ەوە کۆریای باکوور بەهۆی بەرنامەی چەکی ئەتۆمی و موشەکە باڵیستیکییەکانییەوە لە ژێر سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە، بەڵام یارمەتییە مرۆییەکان دەتوانرێت بگەیەندرێنە ئەو وڵاتە.
چین دەڵێت دژایەتی کۆبوونەوە گشتییەکەی 15 ئەندامەکەی ئەنجومەنەکە دەکات لەسەر پێشێلکارییەکان لە کۆریای باکوور، بەڵام هەوڵی ڕێگریکردن لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکەی نەدا. چین لە ساڵی 2014 ەوە بۆ 2017 چوار جار شکستی هێناوە لە ڕێگریکردن لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر ئەو بابەتە.
جێگری باڵیۆزی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان چینگ شوانگ لە کۆبوونەوەکەدا وتی " ئەنجومەنەکە دەبێت ڕۆڵێکی بونیادنەرانە ببینێت لە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان و کەمکردنەوەی گرژییەکاندا." کۆبوونەوەکە لەلایەن ئەمەریکا و ئەلبانیا و ژاپۆنەوە داواکرابوو.
وتیشی " هاندان بۆ ئەوەی ئەنجومەنەکە تاوتوێی دۆخی مافەکانی مرۆڤ بکات لە کۆریای باکوور نەک تەنها یارمەتیدەر نابێت لە کەمکردنەوەی گرژییەکاندا، بەڵکو دۆخەکە خراپتر دەکات. ئەوە کارێکی نابەرپرسانە و نابونیادنەرانەیە و سوکایەتیکردنە بە دەسەڵاتی ئەنجومەنەکە."
ڕۆژی دووشەممە کیم جۆنگ ئون داوای زیادکردنی بەرهەمهێنانی موشەکی کرد تاوەکو ئامادە بن بۆ جەنگ. هاوکات یاسادانەرێکی کۆریای باشوور ڕۆژی پێنجشەممە هۆشداریدا لەسەر ئەوەی ڕەنگە کۆریای باکوور موشەکی باڵیستیکی کیشوەربڕ هەڵبدات وەکو ناڕەزایی دەربڕینێک دژی لوتکەکەی نێوان ئەمەریکا و کۆریای باشوور و ژاپۆن.
بەرپرسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڤۆڵکەر تورک وتی چەندین دەیەیە مافەکانی مرۆڤ لە کۆریای باکوور پێشێل دەکرێن، زۆربەشییان " ڕاستەوخۆ لە زیادبوونی بە سەربازییکردنی کۆریای باکوورەوە سەرچاوەیان گرتووە."
ئاماژەی بە کارکردنی زۆرەملێدا بۆ " پشتیوانیکردن لە ئامێرە سەربازییەکەی کۆریای باکوور و تواناکانی بۆ دروستکردنی چەک."
کۆریای باکوور لێدوانی لەسەر کۆبوونەوەکە نەداوە. بەڵام ڕۆژی چوارشەممە ڕەخنەی لە مافەکانی مرۆڤ گرت لە ئەمەریکا و وتی سەربازیی ئەمەریکایی تراڤیس کینگ لە دەست ڕەگەزپەرستی لە ئەمەریکا و لە ناو سوپای ئەمەریکادا پەنای بردووەتەبەر کۆریای باکوور.
گرینفیڵد وتی "هیچ وڵاتێک تۆمارێکی تەواو باشی نیە لە مافەکانی مرۆڤدا. هەموومان کەموکورتی خۆمان هەیە. بەڵام لە کۆمەڵگە کراوەکاندا خەڵکەکە دەتوانن ناڕەزایی دەرببڕن و پێشکەوتن بەرەو پێشەوە ببەن."
ئیلهیۆک کیم کاتێک تەمەنی 17 ساڵ بوو لە کۆریای باکوور هەڵات، ئێستا تەمەنی لە کۆتایی بیستەکانیدایە و بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی وت ناچار کراوە لە تەمەنێکی منداڵیدا بەبێ ئەوەی پارەی پێبدرێت کار بکات.
کیم وتی "حکومەت خوێن و ئارەقمان بەکاردەهێنێت بۆ ژیانێکی گرانبەها بۆ سەرکردایەتییەکە و موشەکەکان کە کارە قورسەکانمان بە ئاسماندا هەڵدەدەن."
وتیشی " ئەو پارەیەی بۆ دروستکردنی تەنها یەک موشەک خەرج دەکرێت، دەتوانین بەو پارەیە بۆ سێ مانگ بژین، بەڵام حکومەت گوێ نادات و تەنها گرنگی دەدات بە پاراستنی دەسەڵاتەکەی، پەرەدان بە چەکی ئەتۆمی و دروستکردنی پڕوپاگەندە بۆ بیانوو هێنانەوە بۆ کارەکانییان."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
ئەمەریکا ڕەخنە لە کۆریای باکوور دەگرێت لەسەر سەرکوتکاری لە پێناو دروستکردنی چەکی ئەتۆمیدا
