Accessibility links

ئەمەریکا لە ئامادەباشیدایە بۆ هەڕەشەکانی ئێران لە ناوچەکەدا


وێنەی ئەو ئەفسەرانەی ئێران کە لە هێرشەکەی سەر کونسوڵخانەی ئێراندا لە سوریا کوژران
وێنەی ئەو ئەفسەرانەی ئێران کە لە هێرشەکەی سەر کونسوڵخانەی ئێراندا لە سوریا کوژران

بەرپرسێکی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی وتی ئەمەریکا لە ئامادەباشییدایە و ئامادەکاری دەکات بۆ ئەگەری هەر هێرشێکی ئێران بۆ سەر سەرچاوە ئەمەریکایی و ئیسڕائیلییەکان لە ناوچەکەدا، ئەوەش دوای هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسڕائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە سوریادا.

بەرپرسەکە لە پشتڕاستکردنەوەی ڕاپۆرتێکی سی ئێن ئێندا کە ئاماژەی بەوە داوە ڕەنگە لە هەفتەی داهاتوودا هێرشێک ڕووبدات وتی " بە دڵنیاییەوە لە ئامادەباشییەکی ئاست بەرزداین."

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو فڕۆکە جەنگییە گومانلێکراوە ئیسڕائیلییەکان کونسوڵخانەی ئێرانییان لە سوریا بۆردومان کرد، لەو هێرشەدا فەرماندەیەکی سەربازیی باڵای ئێران کوژرا.

سوپای پاسدارانی ئێران لە ماوەی ڕابردوودا ئاماژەی بەوە داوە کە حەوت ڕاوێژکاری سەربازیی ئێران لە هێرشە ئاسمانییەکەدا کوژراون، لەوانەش فەرماندەیەکی باڵای هێزەکانی قودسی پاسداران محەمەد ڕەزا زاهیدی.

ئێران وتووشییەتی " مافی خۆیەتی وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی هەبێت."

ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهودا باسی لە هەڕەشەکانی ئێران کردووە.

بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن وتی " تیمەکانمان لەو کاتەوەدا بە بەردەوامی لە پەیوەندیدان. ئەمەریکا بە تەواوەتی پشتیوانی لە بەرگریی ئیسڕائیل دەکات دژی هەڕەشەکانی ئێران."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG