Accessibility links

نوێنەری کۆریای باکوور گەیشتە واشنتن


نوێنەری کۆریای باکوور گەیشتە واشنتن بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ و لەوانەشە چاوی بە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بکەوێت بە ئامانجی ڕێکخستنی کۆبوونەوەی دووەم لەنێوان واشنتن و پیۆنگیانگدا.

نوێنەری کۆریای باکوور لە هەمان ڕۆژدا گەیشتە واشنتن کە سەرۆک ترامپ تیایدا پلانی ستراتیژیی نوێی ئاسمانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند کە کۆریای باکوور بە هەڕەشەیەکی نائاسایی ناودێر دەکات. ئەمەش حەوت مانگ دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگدا سەرۆک ترامپ وتی هیچ هەڕەشەیەک نەماوە لەلایەن کۆریای باکوورەوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە پلانەکەوە وتی نوێنەری باڵای دانوستانەکانی ناوەکیی کۆریای باکوور لەگەڵ ئەمەریکا کیم یۆنگ چول لەگەڵ پەمپیۆدا کۆدەبێتەوە و سەردانی کۆشکی سپیش دەکات.

سەرچاوەکە وتیشی پێشبینی دەکرێت لە سەردانی بەرپرسەکەی کۆریای باکووردا پلانەکانی ڕێکخستنی کۆبوونەوەی دووەم لەنێوان سەرۆک ترامپ و کیم جۆنگ ئوندا ڕابگەیەنرێت.

دەزگای هەواڵی یۆنهابی کۆریای باشوور وتی سەرۆکی هەواڵگری کۆریای باکوور کیم یۆنگ چول بە گەشتێکی بازرگانییەوە لە پەکینەوە گەیشتۆتە واشنتن. یۆنهاب و دەزگاکانی دیکەی هەواڵی کۆریای باشوور ئاماژەیان بەوەدا نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کۆریای باکوور ستیڤن بیگیۆن لە فڕۆکەخانەی داڵاس بەخێرهاتنی کیمی کردووە.

جێی ئاماژەیە وابڕیاربوو لە مانگی یانزەی ساڵی ڕابردوودا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ چاوی بە هاوتا کۆرییەکەی بکەوێت بەڵام لە دوا ساتەکاندا کۆبوونەوەکەی هەڵوەشاندەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG