Accessibility links

ئەمەریکا داوا لە کۆریای باکوور دەکات سەنگ بخاتە سەر پێویستیەکانی گەلەکەی نەک موشەکەکان


ئەمەریکا داوای لە کۆریای باکوور کرد ئەو پارەیەی بۆ بەرنامە ناوەکی و موشەکیەکەی داناوە بەکاریبهێنێت بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی گەلەکەی خۆی، ئەمەش لەکاتێکدا ڕووسیا و چین دەڵێن سزاکان بوونەتە هۆی خراپبوونی ڕەوشی مرۆیی لە کۆریای باکوور.

دیبلۆماتکاران دەڵێن ڕووسیا لە مانگی دوودا سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە لە 15 وڵاتی ئەندام پێکهاتووە، لەو ماوەیەدا هەوڵدەدات بابەتی سزاکانی سەر کۆریای باکوور لە ئەنجومەنەکەدا باس بکات، بەڵام باڵیۆزی ڕووسیا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بەهۆی توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە نەیتوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکە بکات.

باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد لە کۆبوونەوەکەدا وتی " داوا لە کۆریای باکوور دەکەین پابەند بێت بە خۆشگوزەرانی گەلەکەیەوە، ئەوەش لەڕێی ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و خەرجکردنی ئەو پارەیەی کە بۆ پەرەپێدانی چەکە کۆمەڵکوژە نایاساییەکانی بەکاریدەهێنێت بۆ دابینکردنی پێویستیەکانی گەلەکەی."
لە ساڵی 2006 ەوە کۆریای باکوور بەهۆی بەرنامە ناوەکی و موشەکییەکەیەوە لەژێر سزا نێودەوڵەتیەکاندایە.

لە مانگی یانزەی ساڵی ڕابردوودا چین و ڕووسیا هەوڵەکانیان نوێکردەوە بۆ کەمکردنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر کۆریای باکوور، وتیشیان هۆکاری ئەم هەوڵەیان بۆ باشکردنی ڕەوشی مرۆییە لە کۆریای باکوور. بەڵام ئەم هەوڵانە لە ئەنجومەنەکەدا پشتیوانیان لێنەکرا و ڕووسیا و چینیش پێشنیارییان نەکرد دەنگدانی لەسەر بکرێت، بەهۆی ئەوەی دڵنیابوون کە ڕەت دەکرێتەوە.

جێگری باڵیۆزی ڕووسیا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دمیتری پۆلیانسکی بە ئەنجومەنەکەی وت " ئەگەر ئەنجومەنەکە تەنها بیری لای جیۆسیاسیی نیە و بیر لە هاوڵاتیانی ئاسایی کۆریای باکوور دەکاتەوە ئەوا ئەم پێشنیارە گرەنتیەکە بۆ پشتیوانی."

بەپێی ڕاپۆرتێکی نهێنی نەتەوە یەکگرتووەکان کە دەست ڕۆیتەرز کەوتووە ڕەوشی مرۆیی کۆریای باکوور " بەردەوامە لە خراپبوون ". ڕاپۆرتەکە دەڵێت زۆرینەی هۆکاری خراپبوونی ڕەوشی مرۆیی کۆریای باکوور بەهۆی ڕێوشوێنەکانی ئەو وڵاتەوەیە بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا.

باڵیۆزی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان ژانگ جون سەبارەت بەو وڵاتانەی کە بەشێوەیەکی تاکلایەنانە سزایان بەسەر کۆریای باکووردا سەپاندووە وتی " لە سەرجەم لاکانەوە فشارییان دەخەنە سەر و بەشێوەیەک کە وادەردەکەوێت ئاڵوودەی ئەو کارە بووبێتن."

گرینفیڵد وتی نیگەرانە سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ " ڕەخنەگرتن و بە نایاسایکردنی " سزا تاکلایەنەکانی سەر کۆریای باکوور و ئەمەریکا ئەو هەڵوێستە ڕەت دەکاتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG