Accessibility links

کۆمەڵێک بەرپرسی باڵای کۆریای باکوور بەنیازن سەردانی واشنتن بکەن


دەزگای هەواڵی یۆنهابی کۆریای باشوور ئاماژەی بەوەدا سێ بەرپرسی کۆریای باکوور لە نێویاندا نوێنەری باڵای دانوستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە لە چینەوە بەرەو واشنتن دەکەونە ڕێ.

تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کۆریای باشوور لە زاری سەرچاوەیەکی نزیکەوە بڵاویانکردەوە واپێشبینی دەکرێت وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ چاوی بە بەرپرسی باڵای کۆریای باکوور کیم یۆنگ چول بکەوێت لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر ڕێکخستنی کۆبوونەوەی دووەمی نێوان ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون و سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ.

ئەنجامدانی کۆبوونەوەی دووەم مانای ئەوەیە هەردوو وڵات نزیکبوونەتەوە لە گەیشتن بە چارەسەرێکی ناوەند دوای مانگێک لە ناکۆکیەکان سەبارەت بە چۆنێتی بەردەوامبوون لە هەوڵەکاندا بۆ کۆتایی هێنان بە بەرنامە ناوەکیی و موشەکییەکەی پیۆنگیانگ.

یۆنهاب لە زاری بەرپرسێکی چینیەوە بڵاویکردەوە کیم یۆنگ چول و جێگری وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور چو سون هوی و بەرپرسێکی دیکە ڕۆژی پێنجشەممە سەردانی ئەمەریکا دەکەن.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کاتێک سەبارەت بە ئەگەری کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای هەردوولا پرسیاری لێکرا وتی " هیچ کۆبوونەوەیەکمان نیە ڕایبگەیەنین."

جێی ئاماژەیە لە مانگی شەشی ساڵی ڕابردوودا سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و ڕابەری کۆریای باکوور لە سینگاپوور کۆبوونەوە و کیم جۆنگ ئون بەڵێنیدا کاربکات بەرەو داماڵینی چەکی ناوەکیی، بەڵام لەو کاتەوە هیچ پێشڕەوییەکی بەرچاو بەدی نەکراوە.

هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆش بەنیاز بوو لە مانگی یانزەی ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی کۆریای باکووردا کۆببێتەوە بەڵام ئەو کۆبوونەوەیەش لەدوا ساتەکاندا هەڵوەشایەوە.

نوێنەری کۆریای باشوور لە ئەمەریکا هەفتەی ڕابردوو بە ڕۆژنامەنووسانی وت پەیوەندییەکانی نێوان پیۆنگیانگ و واشنتن دەستی پێکردۆتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی کیم جۆنگ ئون بەبۆنەی ساڵی نوێوە وتارێکیدا و تیایدا وتی ئامادەیە لە هەر کاتێکدا بێت لەگەڵ سەرۆک ترامپدا کۆببێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG