Accessibility links

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: نوێنەری واشنتن بۆ کۆریای باکوور سەردانی چین دەکات


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کۆریای باکوور ستیڤن بایگەن ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی سەردانی چین دەکات.

دوای ئەوەی کۆمەڵێک گفتوگۆی لەگەڵ کاربەدەستانی کۆریای باشوور و ژاپۆندا کرد، ستیڤن بایگەن بەرەو چین دەڕوات بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ کاربەدەستانی ئەو وڵاتەدا.

دوای ئەوەی لەم هەفتانەی دواییدا کۆریای باکوور زنجیرەیەک تاقیکردنەوەی موشەکی ئەنجامدا، گرژییەکانی نێوان واشنتن و پیۆنگیانگ زیادیان کردەوە، ئەمەش ترسی ئەوەی لێدەکرێت ئەو دوو وڵاتە بگەڕێنەوە بۆ هەمان بارودۆخی پێش هەوڵە سیاسییەکان.

بەپێی ڕەشنووسی پڕۆژەیەک، چین و ڕوسیا ڕۆژی دووشەممە پێشنیاری ئەوەیان بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە هەندێک لە سزاکانی سەر کۆریای باکوور لاببرێن، لەوانەش هەناردەکردنی هەندێک کەلوپەل.

ڕوسیا وتی ئامانج لە ڕەشنووسەکە هاندانی دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و کۆریای باکوورە.

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی لە ئێستادا کاتەکە گونجاو نیە ئەنجومەنی ئاسایش تاوتوێی لابردنی سزاکانی سەر کۆریای باکوور بکات، چونکە " کۆریای باکوور هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیری ناوچەکە و ڕەتی دەکاتەوە گفتوگۆ لەسەر داماڵینی چەکی ناوەکی بکات، هەروەها بەردەوامە لە پاراستنی چەکە کۆمەڵکوژە قەدەغەکراو و بەرنامە موشەکیە باڵیستیکیەکەی و پەرەپێدانیان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG